بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکوک دڵنیایی دەدات لەبارەی باودۆخی شاری کەرکوک و دەڵێت "هێزە سەربازییەکانیش دەکشێنەوە و تەنیا پۆلیس دەمێنێتەوە".
خەتاب عومەر، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکوک لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا ڕایگەیاند، "هێزە سەربازییەکان لە شاری کەرکوک دەکشێنەوە بۆ سەربازگەی کەی وەن و تەنیا پۆلیس لە شارەکەدا دەمێنێتەوە".
داواشی لە هاوڵاتیان کرد بگەڕێنەوە ماڵ و حاڵی خۆیان بۆ ئەوەی پارێزراو بن.
ئەمرۆش حاکم زاملی ڕایگەیاند، کەرکوک شاری هەموو عێراقییەکانە و لە کەسی قبوڵ ناکەن فەزڵ بکات بەسەر ئەوی تردا وتیشی "داوا دەکەین سەرجەم هاوڵاتییەکان بگەڕێنەوە شاری کەرکوک و کەرکوک شاری هەموو عێراقییەکانە و لە کەسی قبوڵ ناکەین فەزڵ بکات"
دوێنی ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ هێزەکانی عێراق، بە فەرمانی عەبادی چوونە شاری کەرکوک و ئاڵای کوردستانیان لەسەر بینای پارێزگای کەرکوک هێنایە خوارەوە و ئاڵای عێراقیان لەسەر بیناکە هەڵکرد و جێگری پارێزگاری کەرکوکیش وەک پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت دیاریکرا.
ئەمڕۆش هێزە عێراقیەکان شنگال و گوێر و مەخمووریان چۆڵکرد و حەشدی شەعبی و هێزە عێراقیەکان شوێنیان گرتنەوە.