بەرپرسێکی یەکێتی: ئاسایشێک لە بەنداوی موسڵ شەهیدبوو


بەرپرسی ڕێکخستنەکانی پارێزگای نەینەوای یەکێتی ڕایدەگەیەنێت "لە کاتی هێرشی سوپای عێراق بۆ بەنداوی موسڵ یەکەیەکی پێشمەرگەی ڕۆژ تەقەی لە سوپای عێراق کردووە لە ئەنجامدا ئاسایشێک شەهید بووە".

ساڵح گەرگەری، بەرپرسی ڕێکخستنەکانی پارێزگای نەینەوای یەکێتی بە ماڵپەڕی "ئێن ئاڕ تی" ڕاگەیاندووە، "هێزێکی فیرقەی سوپای عێراق چوونەتە خاڵی پشکینی نزیک بەنداوەکە و هێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژ ڕێیان لێگرتوون، دواتر پێکدادان هاتووەتە ئاراوە و لە ئەنجامدا ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایش لە بازگەکە شەهید بووە، لە سوپای عێراقیش ئەفسەرێک بە پلەی عەقید کوژراوە و دوو سەربازیش بریندار بوون".

ساڵح گەڕگەڕی ئاماژەی بەوەشکردووە دواتر شەڕو ئاڵۆزییەکان کۆتایی هاتووە و بەنداوی موسڵ لەلایەن سوپای عێراقەوە کۆنترۆڵکراوە.

هەر ئەمڕۆ سکای نیوز لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازی بڵاویکردەوە، هێزە عێراقییەکان بێ هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەک چوونەتەوە بەنداوی موسڵ، کە دەکەوێتە باکوری شارەکەوە و هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هێزە عێراقییەکان ڕێککەوتوون کە بگەڕێنەوە بۆ بەر لە سنورەکانی ٢٠٠٣، کە بە هێڵی شین ناسراوە.

بەنداوی موسڵ ساڵی ١٩٨٣ لە دووری ٥٠ کیلۆمەتر لە باكوری شاری موسڵەوە لەسەر ڕووباری دیجلە دروستكراوە. ئەم بەنداوە كۆمەڵێك ڕاوێژكاری سویسری دیزاینیان بۆ كردووە، كۆمپانیایەكی ئەڵمانیش جێبەجێی كردووە.

درێژیی بەنداوەكە ٣.٢ کیلۆمەترە و بەرزاییەكەی ١٣١ مەترە، گەورەترین بەنداوی عێراق و چوارەم بەنداوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و دەوترێت لە ئێستادا ترسناكترین بەنداوی جیهانە، توانای ئەم بەنداوە بۆ گلدانەوەی ئاو دەگاتە ١١.١ ملیار مەتر.



PM:10:53:17/10/2017