ئەنجومەنی وەزیران لەسەر بنەمای دەستوری عێراق ئامادەی گفتوگۆیە لەگەڵ بەغدا

ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ گفتوگۆ لەسەر بنەمای دەستوری عێراق.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19/10/2017 ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیران و بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

 لە کۆبوونەوەکەدا ڕووداوەکانی کەرکووک و ڕۆژانی دواتر لە ناوچەکانی ماددەی 140 و دۆخی ئێستای کەرکووک و ئەو ناوچانە خرایە بەر باس، ئەنجومەنی وەزیران پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادەی سەربەرزی شەھیدانی بەرگریکردن لە کەرکووک کرد و ھیوای زووچاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست.

ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە دوایین دەسپێشخەریی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ، بۆ دەسپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرد، لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستووری عێراق و لە چوارچێوەی شەراکەت و تەوافوق، ئامادەیی خۆیشی بۆ گفتوگۆ دەربڕی، ھەروەھا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بۆ دەسپێکردن و بەڕێوەچوونی ئەوگفتوگۆیە لە نێوان ھەولێر و بەغدا، ھاوکاریی ھەردوولا بکەن.

ھەروەھا ئەنجومەنی وەزیران، داوای لە دامودەزگاکانی حکوومەت و ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان کرد بە ھانای خوشک و براکانیان لە خەڵکی خۆڕاگری کەرکووک و خورماتووەوە بچن، کە ڕوویان لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە، سوپاسی خەڵک و دامودەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشی کرد کە بە ‌ھانایەوە چوون.

پێش هێرشکردنە سەر کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی تر و لەسەروبەندی ریفراندۆمدا حکومەتی هەرێم ئامادەنەبوو لەچوارچێوەی دەستوری عێراق گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکات.




PM:04:15:19/10/2017