ڕێبوار تاڵەبانی: کەرکوک لەلایەن حەشدی شەعبییەوە داگیرکراوە

رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر رایگەیاند، کەرکوک لەلایەن حەشدی شەعبییەوە داگیرکراوە.

ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاند، لە ئێستادا پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکوکدا نین و لە شارەکەدا بۆشایی ئیداری دروست بووە و دەیانەوێت کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا ئەنجام بدرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا، لەبارەی هەڵکردنی ئاڵا و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ڕەتکردنەوەی بڕیارەکەی بەغدا بۆ لابردنی نەجمەدین کەریم لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوکەوە دەرچوون و ئێستا بڕیارەکە هەڵناوەشێتەوە.

ڕێبوار تاڵەبانی وتیشی "من ئێستا ماڵەکەم لەلایەن چەکدارانی عەسائیبی ئەهلی حەقی تێدایە و ئەگەر نەتوانم بگەڕێمەوە بۆ کەرکوک چۆن دەتوانم بچم لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک کۆببمەوە، ئەوەی لە کەرکوک ڕوویدا داگیرکارییە".

داواشیکرد، هێزە عێراقییەکان لەناو شاری کەرکوک بچنە دەرەوە و دۆخی شارەکە ئاسایی بکرێتەوە، وتیشی ئەوانەی خەڵکی کەرکوکیان ئازارداوە دەبێت سزا بدرێن.

ئەوەشی خستەڕوو کە بەهۆی ڕووداوەکانی کەرکوکەوە نزیکەی ٨٠ هەزار هاوڵاتی ئاوارەبوون و بەشێک لە دانیشتوانی شارەکەش زیانیان بەرکەوتووە.

وتیشی دەبێ لێپرسینەوە لەو فەرماندە سەربازییانە بكرێت كە تاوانی جینۆسایدیان لە دوزخورماتوو ئەنجام داوە.



PM:05:11:20/10/2017