ئەنجومەنی ئاسایش ناوی ئەو هێزانەی حەشد ئاشكرا دەكات ئەمرۆ هێرشان كردەسەر پردێ

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا داوا لە بەرپرسانی عێراق دەکات دەستبەجێ تووندوتیژییەکان دژی گەلی کوردستان رابگرێت و هەموو هێزەکانی لە ناوچە "داگیرکراوەکان" بکشێنێتەوە.

لە پەیامەکەدا ئەنجوومەنی ئاسایش جەخت لەوە دەکاتەوە کە بێدەنگی تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، عێراق و وڵاتانی دراوسێ هاندەدات تاوەکو هێرش بکەنە سەر کوردستان. دەشڵێت: "هێرشە بەردەوامەکانی عێراق ترسی رەوای ئێمەی سەبارەت بە داهاتوومان لەم وڵاتە پشتڕاستدەکەنەوە".

دەقی پەیامەکە:

20-تشرینی یەکەم-2017

لە کاژێر 08:00 ی بەیانی سوپای عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، بە چەکی ئەمریکی هێرشێکی بێپاساو و فرە بەرەیان کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە رێگەی سەرەکی کەرکووک - هەولێر، لەوانە دوو بەرە لە ئاڵتوون کۆپری ناسراو بە پردێ، لە رۆژئاوای رێگەی دووبز - هەولێر و ناوچەکانی نزیک رۆژهەڵاتیی گوندی قەرەباخ، ئامانجیان چوونە نێو قوشتەپە بوو لە باشووری هەولێر.

لە هێرشەکەی ئەمڕۆدا پێشمەرگە ئازایانە بەرگری لە کوردستان کرد. راپۆرتە سەرەتاییەکان پیشانی دەدەن کە هێزەکانی پێشمەرگە 10 هامەری ئەمریکی و 2 تانک، لەنێویاندا تانکی ئێم1 ئەبرامزیان تێکشکاندووە.

ئەم چەکانە بۆ شەڕی داعش درابوونە عێراق و ئێستاش لەلایەن سوپای عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە دژ بە گەلی کوردستان بەکاربران.

هێرشەکە لەدوای هەڵمەتێكی گەورە بۆ سەر باشووری کەرکووک لە 16ی ئەکتۆبەر دێت. تەنیا لە 5 رۆژدا هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی بەلایەنی کەمەوە 3 لە ئارامترین پارێزگاکانی وڵاتیان ناسەقامگیر کرد و بەلایەنی کەمەوە 100 هەزار کەس بۆ هەولێر و سلێمانی ئاوارەبوون کە پێویستییان بە خوارد و سەرپەنا هەیە.

حەشدی شەعبی زیانی بە سەتان موڵک و ماڵی هاووڵاتییانی کورد و تورکمان لە کەرکووک و خورماتوو و خانەقین گەیاندووە و تاڵانی کردوون و ترسی لەلای دانیشتووانی ناوچەکە دروستکردووە.

لە خانەقین، حەشدی شەعبی تەقەی لەو خۆپیشاندەرانە کرد کە بە ئاشتییانە داوای دەرچوونی ئەوانی لە ناوچە کوردییەکان دەکرد و ژمارەیەکی زۆری کوشت و بریندار کرد.

زانیارییە هەواڵگرییەکانمان پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئەم هێزە پاڵپشتیکراوانەی ئێران کە لەبری ئەو وڵاتە بەشداری ئۆپەراسیۆنەکەی دژ بە پێشمەرگە لە 16ی ئۆکتۆبەرەوە کردووە، بریتین لە:

- عەسائبی ئەهلی حەق.
- سوپای بەدر.
- کەتائبی حزبوڵڵا.
- فیرقەی عەبباس.
- لیوای عەلی ئەکبەر.
- سەرایای خوراسانی.
- بەتالیۆنەکانی ئیمام عەلی.

بێدەنگی تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، عێراق و وڵاتانی دراوسێی هانداوە تاوەکو هێرش بکەنە سەر کوردستان. سوپا کە بۆ بەرگریکردن لە گەڵ دامەزراوە، ئەمڕۆ بۆ هێرشکردنە سەر گەلی کوردستان بەکاربراوە. هێرشە بەردەوامەکانی عێراق ترسی رەوای ئێمەی سەبارەت بە داهاتوومان لەم وڵاتە پشتڕاست دەکەنەوە.

دەبێت ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستتێوەردان بکات و هێرشە سەربازییە دوژمنکارەکانی عێراق سەرکۆنە بکات.

هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبن لە پاراستنی گەلان و بەرژەوەندییەکانی. ئێمە داوا لە دەسەڵاتدارێتییە عێراقییەکان دەکەین بۆ دەستبەجێ وەستاندنی تووندوتیژییە شەڕانگێزییەکانی دژ بە گەلی کوردستان و هەموو هێزەکانی لە ناوچە داگیرکراوەکان بکشێنێتەوە.







PM:11:58:20/10/2017