32 لایەنی سیاسی كورد ڕاگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە

32 لایەنی سیاسی كوردستانی دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەكەیان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی ڕاگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە و دوو ئیدارەیی ڕەت دەكەنەوە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 22ی تشرینی یەكەم، 32 حزب و لایەنی سیاسیی كوردستان، سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر كۆبوونەوە و ڕاگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە كە تیایدا هاتووە: 

- هەموو لایەكمان جەختدەكەینەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و، هەر ئەوەش بە زامنی سەركەوتن و تێپەڕاندنی هەموو كێشەكان دەزانین.

- بەتوندی ئیدانەی هێرشی سەربازی و بڕیارە سیاسی و ئابوورییەكانی حكومەتی عێراق دەكەین و رەتیاندەكەینەوە، كەوا دەرهەق بە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم ئەنجامدراون، ئەم هێرش و بڕیارانەی عێراق بە نادەستووری و نادیموكراسی و دژی مرۆڤایەتی دەزانین و لەلایەن تەواوی گەلی كوردستان رەتكراوەن، ئەو كارە سەربازییانەی عێراق نابنە ئەمری واقیع و كاتین.

- بۆ وەڵامدانەوەی خواستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دۆستەكانمان سەبارەت چارەسەری كێشەكان لەگەڵ حكومەتی عێراق بە رێگای دیالۆگ، ئێمە هەموو كات خوازیاری دیالۆك بووین، بەڵام لایەنی عێراق مەنتقی سەربازی هەڵبژاردووە، لێرەوە بە هەموو لایەكی رادەگەیەنین كەوا ئامادەی دیالۆگی بێ مەرجین لەسەر بنەمای دەستوور و دوور لە فەرزكردنی سیاسەتی ئەمری واقیع و هێرش و غرووری سەربازی، پێویستە عێراق لەسەر بنەمای داننان بە مافەكانی گەلی كوردستان بێتەسەر مێزی دیالۆگ، بۆ ئەم بابەتش حكومەتی كوردستان نوێنەرایەتی گەلی كوردستان دەكات.

- ئێمە لایەنەسیاسییەكان یەتوندی هەر هەنگاوو ئاراستەیەك بەمەبەستی زیندووكردنەوەی دوو ئیدارەیی رەتدەكەینەوەو، پێویستە هەرێمی كوردستان بە یەكگرتووی بچێتە ناو هەر گفتوگۆیەك لەگەڵ حكومەتی عێراق.

- ریفراندۆمی گەلی كوردستان مافێكی دەستووری و یاسایی گەلی كوردستانە و دەستبەرداری نابین و پێویستە عێراق و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر ئەو مافە گەلی كوردستان سزا نەدەن.

- لێرەوە داوا لە تەواوی دەزگاكانی راگەیاندنی حزبی و سەربەخۆ دەكەین خۆیان دوور بگرن لە زمانی زبر و وروژاندن، پێویستە بە ئەمانەتەوە هەواڵ و رووداوەكان بگوازنەوە، پارێزگاری لە یەكڕیزی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی بكەن.

- لەكۆتاییدا سڵاوو دروود بۆ گیانی پاكی تەواوی شەهیدانی كوردستان بەگشتی و قوربانیانی كەركوك و دووزخورماتوو و خانەقین بەتایبەتی دەنێرین و، بەرخودانی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان بەرز دەنرخێنین و سڵاوو رێزمان بۆیان هەیە و، سڵاوو رێزو خۆشەویستی بۆ تەواوی ئەو خوشك و برایانەمان دەنێرین كەوا بەزۆر لەلایەن هێزە عێراقییەكان دەربەدەركراون.

- سەركەوێ ئیرادەی هەقخوازانەی گەلی كوردستان.

 پارت و لایەنە سیاسییەكان

1- پارتی دیموكراتی كوردستان

2- یەكێتی نیشتمانی كوردستان

3- حزبی شیوعی كوردستان

4- یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

5- حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان

6- حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان

7- پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان

8- بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان

9- یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

10- پارتی پارێزگارانی كوردستان

11- حزبی پێشكەوتنخوازی دیموكراتی كوردستان

12- بزووتنەوەی رزگاری دیموكراتی كوردستان

13- بزووتنەوەی ئاشتیخوازانی كوردستان

14- پارتی پارێزگارانی دیموكراتی كوردستان

15- پارتی نەتەوەیی كوردستان

16- بزووتنەوەی گردبوونەوەی سریان

17- حزبی دیموكراتی بێت نەهرێن

18- یەكێتی بێت نەهرێنی نیشتمانی

19- حزبی دیموكراتی كلدان

20- ئەنجوومەنی نەتەوەیی كلدان

21- رابتەی كلدانی جیهانی

22- حزبی نیشتمانی ئاشووری

23- بزووتنەوەی مەسیحی دیموكراتی سەربەخۆ

24- پارتی گەشەپێدانی توركمان

25- پارتی دیموكراتی توركمان لە كوردستان

26- كۆمەڵەی لیبرالی توركمان

27- كۆمەڵەی رۆشنبیری توركمان لە كوردستان

28- پارتی نیشتمانی توركمان

29- یانەی ئۆچاغی توركمان

30- بزووتنەوەی دیموكراتی توركمان

31- پارتی چاكسازی توركمان

32- بەرەی شەرعی توركمان




PM:03:10:22/10/2017