عەبدولآی مەلا نوری رەخنەی توند لە پەرلەمانە کوردەکانی بەغدا دەگرێت

پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان رەخنەی توند لە پەرلەمانتارانی کورد لەبەغدا دەگرێت و دەڵێت " تا ئێستا پەرلەمانتارە کوردەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەیانتوانیوە بە لیژنەیەکی پەرلەمانی بچنە خورماتوو".

لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەلآیەتی فەیسبووک، بەناونیشانی " نوێنەرە کوردەکان لە بەغدا چی دەکەن؟!"، عەبدولآی مەلا نوری پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت " لە کاتێکدا باسی دەیان تاوانی دڕندانەی بەشێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکرێت، لە کاتی هێرشەکانیان بۆ دوزخورماتو و کەرکوک و ناوچەکانی تر، دژ بەهاوڵاتیانی کوردی ئەو ناوچانە، ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە تا ئێستا پەرلەمانتارە کوردەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەیانتوانیوە بە لیژنەیەکی پەرلەمانی بچنە ئەو ناوچانەو لە نزیکەوە ئاسەواری هێرشەکان بینن و گوێ لە قوربانیەکان بگرن!".

لەنووسینەکەیدا مەلا نوری ئەو هەڵوێستەی پەرلەمانتارانی کورد دەشوبهێنێت بە پەرلەمانتارانی سونە لە کاتی کارەساتی سەر سونەکانداو دەڵێت " ئەمە رێک لە هەڵوێستی نوێنەرانی سونە دەچێت لەو کاتەی لە سەر دەستی هێزەکانی حەشدی شەعبی تاوانی گەورەیان بەرامبەر دەکرا، بەڵام بەرپرسانی سونە لە بەغدا نە وەک نوێنەری سونەکان نە وەک نوێنەری ئینسان و هاوڵاتیان ئامادە نەبون هەڵوێستێکی جدیان هەبێ..مەبەستم هەوڵی شەخسی نیە".

تا ئێستا هیچ وەفدێک کوردی سەردانی شاری خورماتووی نەکردووە پاش ئەوەی ١٦ ی تشرینی یەکەم لەلایەن هێزە عیڕاقییەکان و لە نێویشیاندا حەشدی شەعبی هێرشکرایە سەریان دەستدرێژیکی زۆریان کردە سەر هاولآتیان و چەندان ماڵ و دوکانی هاولآتیانی کورد سوتێنران.



PM:09:09:22/10/2017