داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەرلەمان دەکرێت

پەرلەمانتارێکى گۆڕان حکومەتیی ڕزگاری نیشتیمانیی بێ هەڵوەشاندەوی دەزگا ناشەرعیەکان بە بانگەشەیەکی "پوچ" ناودەبات و ڕایدەگەیەنێت چارەسەرى ئەم دۆخەى کوردستان هەڵوەشاندنەوەى حکومەت و پەرلەمانە.


هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتارى عێراق لە فراکسیۆنى گۆڕان لەوتارێکدا نوسیویەتى، "خاڵی ٤ی بەیاننامە ٧ خاڵیەکەی گۆڕان کە کاک نەوشیروان بەدەستی خۆی نوسیبوی هەڵوەشانەوەی پەرلەمان بوو، ئێستا ئەبێ گۆڕان کار بۆ حەلکرنی پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی ئەو حکومەتە بکا، ئەوکاتەش دەتوانرێ حکومەتیی رزگاری نیشتمانیی بۆ ماوەی شەش مانگ دابمەزرێت.

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان هەروەها ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە "بانگەشەکردن بۆ دامەزراندنی حکومەتی ڕزگاری نیشتیمانیی بێ هەڵوەشاندەوی دەزگا ناشەرعیەکان بانگەشەیەکی پوچە".

هۆشیار عەبدوڵا ئەوەشى وتووە، "حکومەتیی ڕزگاری نیشتمانیی یا ئینتیقالیی لە غیابیی شەرعیەتیی دامەزراوەکان دروست دەبێت "لە دۆخێکیی نائاساییدا ئەرکیی ئاساییکردنەوەی دۆخ و گێرانەوەی شەرعیەت ئەبێ".

ئەو پەرلەمانتارەى گۆڕان ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، کە نەوشیروان مستەفا چونکە لە زانستی سیاسی شارەزا بو بەخۆڕایی داوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمانیی نەکردبوو.

دەشڵێت، بیرمە ئەوکات لەناو گۆڕانیش هەبون ڕەخنەی ئەوەیان لە بەیاننامەکە هەبوو کە نە ئەبو داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بکا، لەبەرامبەر ئەو ڕەخنەیە کاک نەوشیروان دەیگوت "ئەوانە نازانن قۆناغی ڕزگاری نیشتمانیی چیە و ناشزانن ئەو جۆرە لە حکومەت چیە و چۆنە".

هۆشیار عەبوڵا لە کۆتایدا ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە "زۆر نامەعقول ئەبێ بڵێیی درێژکردنەوە کودەتایە، پاشان بڕۆی مامەڵە لەگەڵ دۆخێک یا پەرلەمانێک بکەی کە بە کودەتا درێژکراوەتەوە" .



PM:03:40:24/10/2017