حکومەتی هەرێم ئەنجامی ڕیفراندۆمی هەڵپەسارد

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی ڕیفراندۆمی سڕکرد و داوای ده‌ستپێكردنى "دیالۆگى كراوه‌" له‌ نێوان حكوومه‌تى هه‌رێم  و حكوومه‌تى فیدراڵ دەکات


کاتژمێر 12:30 خولەکی شەوی ڕابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "ئه‌و بارودۆخه‌ گرژ و مه‌ترسیداره‌ى ڕووبه‌ڕووى عیراق و كوردستان بۆته‌وه‌، هه‌مووان ناچار ده‌كات له‌ ئاستى به‌رپرسیاریه‌تى مێژووییدا بین و ڕێگا نه‌ده‌ین بارودۆخه‌كه‌ زیاتر به‌ره‌و شه‌ڕ و پێكدادان بچێت له‌نێوان هێزه‌ عیراقییه‌كان و پێشمه‌رگه‌دا".

لە ڕاگەیندراوەکەدا هاتووە "په‌لامار و به‌ریه‌ككه‌وتنى هێزه‌كانى عیراق و پێشمه‌رگه‌ له‌ لە16ی ئەم مانگەوە تا ئه‌مڕۆ، زیانى به‌ هه‌ردوولا گه‌یاندووه‌، له‌وانه‌شه‌ ببێته‌ هۆى خوێنڕشتنێكی به‌رده‌وام و له‌ ئاكامیشدا تێكدانى ڕایه‌ڵه ‌و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى نێوان پێكهاته‌كانى عیراق."

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ئاماژە بەوە کراوە بێگومان شه‌ڕ له‌ نێوان هه‌ردوولادا نابێته‌ هۆى سه‌ركه‌وتنى هیچ لایه‌ك، به‌ڵكوو له‌ هه‌موو بواره‌كانى ژیاندا وڵات به‌ره‌و هه‌ڵدێرى گشتى ده‌بات، بۆیه‌ له‌ ڕوانگه‌ى هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تى به‌رامبه‌ر گه‌لى كوردستان و عیراق، پێشنیاز بۆ حكوومه‌ت و ڕاى گشتیی عیراق و جیهان ده‌كه‌ین:

١- ڕاگرتنى ده‌ستبه‌جێی ته‌قه‌كردن و هه‌موو جۆره‌ كردارێكى سه‌ربازى له‌ هه‌رێمى كوردستان.

٢- سڕكردنى ئاكامى ڕیفراندۆم كه‌ له‌ كوردستانى عێراق ئه‌نجام درا.

٣- ده‌ستپێكردنى دیالۆگى كراوه‌ له‌ نێوان حكوومه‌تى هه‌رێم  و حكوومه‌تى فیدرال له‌ سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق.

هێزە سەربازییەكانی سوپای عێراق لە رێكەوتی 16 ی 10 ی 2017 ەوە هێرشێكی بەرفراوانیان بۆسەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە و تائێستا دەستیان بەسەر چەندین ناوچەدا گرتووە.

حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق چەند مەرجێکی دیاریکردووە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا کە دیارترینیان هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆمە.



AM:09:02:25/10/2017