پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت: سەرچاوەی جیاكارییەكان لە كەركوكدا بەدەستی ئەمریكا بوو

پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت كە عەرەبە رەخنە لە ڕۆڵی ئاسایشی شارەكە لە ڕابردوودا دەگرێت و ڕایدەگەیەنێنێت "ئەمریكییەكان وایانكرد كورد لە ئەنجومەنی پارێزگادا ببنە زۆرینە".

ڕاكان جبوری، پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت كە عەرەبە و پێش 16ی ئەم مانگە جێگری پارێزگار بوو، لە لێدوانێكدا بۆ سایتی (بەغدا ئەلیەوم) دەڵێت "سەرچاوەی جیاكارییەكان لە كەركوكدا بەدەستی ئەمریكابوو، چونكە ئەوان كاتێك یەكەم ئەنجومەنی پارێزگایان دروستكرد 12 كورسیان دا بە كورد و 6 بۆ عەرەبەكان و 6 بۆ توركمان و 6 بۆ مەسیحییەكان، بەبێ ئەوەی پێكهاتەی دانیشتوانی شارەكە بزانن".

پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت دەڵێت "ئەو جیاكارییە وەك پاداشتێك بوو بۆ كوردەكان لەبەرامبەر ئەوەی پێشمەرگە هاوكاریكری هێزەكانی ئەمریكای كردبوو بێنە ناو كەركوك".

جبوری ئاماژەبەوەدەكات پێكهاتەی كوردی لەپارێزگاكەدا "چەكدار و هێزی تایبەت و گرتوخانەی" هەبووە كە پەیوەندی بە حكومەتی فیدڕاڵی بەغدا نەبووە،، رەخنەش لەهێزەكانی ئاسایش دەگرێت بەوەی "زوڵمیان" بەرامبەر عەرەبەكانی كەركوك كردووە، بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەكی ڕوون هاوڵاتی عەرەبیان دەستگیركردووە.

جەختیش دەكاتەوە لەوەی "ئەندامەكانی ئەنجومەنی پارێزگا لەعەرەب و توركمانەكان ڕووبەڕووی ئەو ڕەفتارانە دەوەستانەوە و ئیدانەیان دەكردن و داوایان بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان و حكومەتی فیدڕاڵی بەرزدەكردەوە، بەڵام هیچ بەرهەمێكی نەبوو، چونكە ئەو پێشێلكارییانە چارەسەرنەكران و بێدەنگیان هەڵبژارد".



AM:10:38:25/10/2017