میدیاکانی پارتی: پێشمەرگە تانکێکی ئەمریکی تەقاندۆتەوە

میدیاکانی پارتی بڵاویانکردۆتەوە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، لە هێرشەکانی ئەمڕۆی حەشدی شەعبی تانکێکی ئەبرامزی ئەمریکی تەقاندەوە.


مەنسور بارزانی، فەرماندەی لەشکری تایبەتی یەک و گوڵان، بە میدیاکانی پارتی ڕاگەیاندووە "لە هێرشەکەی ئەمڕۆی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری زومار - رەبیعە تانکێکی ئەبرامزی ئەمریکی لەلایەن پێشمەرگەوە تەقێنرایەوە".

فەرماندەی لەشکری تایبەتی یەک و گوڵان وتیشی "پێشمەرگە بەوپەڕی ورەبەرزییەوە بەرگری لە کوردستان دەکات".

هاوکات ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "کاژیر ١٢:٠٠ی پێشنیوەرۆی ئەمرۆ ھیزەکانی پێشمەرگە بە شیوەیەکی قارەمانانە بەرپەرچی ھێرشەکانی سوپای عیراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە پالپشتی سوپای پاسدارانی ئێران دایەوە و لە ئاکامدا ٣ تانک و ٥ ھامڤی و ١ باجەری دوژمن تێکشکان".


لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "ھیزەکانی سوپای عیراق و حەشدی شەعبی ئیرانی بە چەکی ئەمریکی وەکو ھامڤی و تانکی قورس و ئۆتۆمبیلی باجەری سەربازی بەردەوامن لە ھیرش بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە".



PM:06:44:26/10/2017