هێزە عێراقیەکان چەند کاتژمێرێک مۆڵەتیان داوەتە پێشمەرگە

هێزە ئەمنییەکانی عیراق چەند کاتژمێرێک مۆڵەتیان داوەتە هێزەکانی پێشمەرگە تا لە ناوچەی سنووری فیشخابور بکشێنەوە.


ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسێکی باڵای سەربازی عیراقەوە رایگەیاندووە "تەقەکردنی هەردوولا لە سنوری فیشخابور بەشێوەیەکی تەواوەتی نەوەستاوە و ناو بەناو تەقەکردن لەنێوانیاندا روودەدات".

ئەو بەرپرسە ئەمنییە کە ناوی خۆی ئاشکرا نەکردووە ئاماژەی بەوەشکردووە کە هێزە عێراقیەکان چەند کاتژمێرێکیان داوەتە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان تا فیشخابور کە سێگۆشەی سنورییە لە نێوان عیراق و تورکیا و سوریا، لەئەگەری چۆڵنەکردنی لەلایەن پێشمەرگەوە دووبارە هێزە عێراقیەکان دەست بە هێرشەکانیان دەکەنەوە.

ناوچەی سنووریی فیشخابور دەکەوێتە سەر سنووری عیراق و سوریا و تورکیا، ناوچەیەکی ستراتیژییەو بۆری نەوتی پیادا تێپەڕدەبێت و لە ساڵی 2014ەوە پێشمەرگەی تیادا جێگیرە.



PM:03:19:27/10/2017