"چەند ناوچەیەکی ستراتیجی ڕادەستی بەغدا دەکرێنەوە"

کەناڵی ئافاقی عێراقی وێنەی ڕێککەوتنی نێوان فەرماندەکانی پێشمەرگە و بەرپرسانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی بڵاوکردەوە، سەرکردەیەکی حەشدی شەعبیش دەڵێت، لەگەڵ پێشمەرگە ڕێککەوتن بۆ ڕادەستکردنەوەى دەروازەکانى سنورییەکان بە بەغدا.


وەک لە وێنەکاندا دەرکەوتووە، هەر یەکە لە ڕۆژ نووری شاوەیس، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی و سەربەست لە زگین بریکاری وەزیری پێشمەرگە و سیروان بارزانی بەرپرسی میحوەری مەخمور، لەلایەنی هێزی پێشمەرگە ئامادەن و لەگەڵ فەرماندەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقدا کۆبوونەتەوە.

ئەبو ئالا وەلائی ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەید ئەلشوهەدا ڕایگەیاندووە، ڕێککەوتنەکە بۆ ڕادەستکردنەوەی خاڵە سنوورییەکان و گەڕانەوەی سوپای عێراقە بۆ سنووری ٢٠٠٣.

ئێوارەی ئەمڕۆ نووسینگەی حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، عەبادی داوای راگرتنی جوڵەی هێزە سەربازییەکانی کردووە بۆ ماوەی 24 کاژێر.

لە ڕاگەیەندراوەکەی نوسینگەی عەبادیدا هاتووە "ئەو هەنگاوە بۆ ئەوەیە رێگە بە تیمی تەکنیکی هاوبەشی هێزەکانی ناوەندی و هەرێم بدەن بۆ کارکردن لەسەر بڵاوەپێکردنی هێزە ئیتیحادییەکان لە هەموو ناوچە جێناکۆکەکان و فیشخابوور و دەروازە سنوورییە نێودەوڵەتییەکان، ئەوەش لەپێناو نەڕشتنی خوێنی خەڵک".



PM:09:29:27/10/2017