كوتلەیەكی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان رادەگەیەنرێت

سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستان لەنوسراوێكدا دامەزراندنی "كوتلەی نەتەوەیی لەپەرلەمانی كوردستان"ی راگەیاند.

ئاری هەرسین، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی لەنوسراوێكدا دەنوسێت "ئەم موئامەرە دواییە نێودەوڵەتیەیەی کە لە نێوان (ئەمەریکا، ئێران، تورکیا و عێراق) بە عەقڵی مودەبیری ئینگلیز بەرامبەر نەتەوەکەمان جێبەجێ کرا، مانای فەشەلێکی تری سیاسەتی نەتەوەکەمان بوو. ھۆکاری سەرەکی ئەم فەشەلە، جگەلە پاوانخوازی شەخسی و، شەرم کردن لە کورد بوون. ھیچیتر نیە".

لەكۆتایی نوسراوەكەی باس لە پێكهێنانی كوتلەیەكی نوێ لە پەرلەمان دەكات‌و دەنوسێـت "لە ئێستاوە کوتلەی نەتەوەیی لە پاڕلەمانی کوردستان ڕادەگەیەنین. دووپاتی دەکەینەوە: دژی ھیچ میللەتێک نین، بەڵام زۆر بە توندی بەرامبەر ھەر کردەوەیەک دەوەستینەوە کە بە نیازی شکاندنی شکۆی نەتەوەیمان و داگیرکردن و وێرانکردنی دایکی نیشتیمانمان، خاکی پیرۆزی کوردستان بێت".

دەقی نوسراوكە بخوێنەرەوە..

کوردستان یان نەمان

ھاوڵاتیانی ئازیزی کوردستان

ئەم موئامەرە دواییە نێودەوڵەتیەیەی کە لە نێوان (ئەمەریکا، ئێران، تورکیا و عێراق) بە عەقڵی مودەبیری ئینگلیز بەرامبەر نەتەوەکەمان جێبەجێ کرا، مانای فەشەلێکی تری سیاسەتی نەتەوەکەمان بوو. ھۆکاری سەرەکی ئەم فەشەلە، جگەلە پاوانخوازی شەخسی و، شەرم کردن لە کورد بوون. ھیچیتر نیە.

خوا ئینسانی بە یەکسان دروست کردوە، بەڵام ئینسانەکان بە جیاواز تەرجەمەی ویستی خوا ئەکەن. زوبان و فەرھەنگ و سایکۆلۆژی (فارس، عەرەب، تورک، ئینگلیز، سویدی... و تا دێت) پارێزراو و ڕێگە پێدراوە. كەچی بۆ سەندنی ئەو مافە خواکردانە، ئەبێت بچینە بەردەرگای خاوەن شکۆی جەللاد و داگیرکەر و لەشکەرکێش بۆ ئەوەی بفەرمون بە ڕەزامەندیان. ھەموو دونیا ھەموو مافێکی ھەیە، بەڵام کورد بێ بایەخ و ژێر پێ ئەخرێت.

لە ھەموو شتێک سەیرترئەوەیە کە لە ئێستادا تورکومان و (ماوەیەکەیتر) شیعەکانیش مافی پێکھێنانی حیزبی سیاسیان ھەیە، کەچی ھەتا ئێستا بە کفرێکی گەورە ئەزانرێت کوردیش خاوەنی کوتلەی پارلەمانی خۆی و حیزبی سیاسی خۆی بێت!!!

ھەتا ئێرە و ئیتر بەسە... ھیچ عەیبە نیە ئینسان داکۆکی لە مافە نەتەواییەتیەکانی خۆی بکات. زیاد لە سەد ساڵە شۆڤێنیستی عەرەب کەرامەتی کوردی ھەپرون بە ھەپرون کردوە لەم باشوری کوردستانەدا... کەچی یەک دوو شاعیر و گوتار نووسی بێ دەسەڵاتی لێ دەرچێت، دەسەڵاتدارێکی عەرەبمان نەبینی بە عەمەلی داکۆکیمان لێ بکات... موسوڵمانێکی عەرەبمان نەبینی ... ھەر بۆ یەک جار لەو پێنج وەجبەیەی کە سوجدە بۆ خوا ئەبات، بە زمانی قورعان، بە زمانی عەرەبی لێی بپرسێت: بۆ قوبوڵ ئەکەی وا لە میللەتی کورد بکەن؟

مێژوو تیغە و، ھەمیشە کەسانی بێ موبالات ئەبڕێت. چونکە کەسانی بێ موبالات حساب بۆ (کات) ناکەن. بۆیە ھەتا ئێرە و بەس.

لە ئێستاوە کوتلەی نەتەوەیی لە پاڕلەمانی کوردستان ڕادەگەیەنین. دووپاتی دەکەینەوە: دژی ھیچ میللەتێک نین، بەڵام زۆر بە توندی بەرامبەر ھەر کردەوەیەک دەوەستینەوە کە بە نیازی شکاندنی شکۆی نەتەوەیمان و داگیرکردن و وێرانکردنی دایکی نیشتیمانمان، خاکی پیرۆزی کوردستان بێت.

سەرفرازبێت نەتەوەی کورد...

ئاوەدان بێت خاکی پیرۆزی کوردستان...

ئاری محەمەد ھەرسین

٢٠١٧/١٠/٢٨





AM:10:25:29/10/2017