بەغدا پارەی گەنمی چوار ساڵی جوتیاران رەوانە دەكات

بە وتەی بەڕێوەبەری لقی سلێمانی كۆمپانیای دابەشكردنی دانەوێڵە وەزارەتی بازرگانی عیراق داوای سەرجەم بڕی پارەی گەنمی ساڵانی (2014و 2015و 2016و 2017) گەنمی جوتیارانی پارێزگای سلێمانی كردوە كە لای حكومەتی بەغدا ماوەو داوایكردوە بەنوسراوی فەرمی بۆیان بنێرین.


ئەمین محەمەد ئەمین بەڕێوەبەری لقی سلێمانی كۆمپانیای دابەشكردنی دانەوێڵە ڕایگەیاندوە، " وەزارەتی بازرگانی عیراق داوای سەرجەم بڕی پارەی گەنمی ساڵانی (2014و 2015و 2016و 2017) گەنمی جوتیارانی پارێزگای سلێمانی كردوە كە لای حكومەتی بەغدا ماوەو داوایكردوە بەنوسراوی فەرمی بۆیان بنێرین لەكاتێكدا پێشتر لەڕێگەی ئیمەیڵەوە ڕەوانەمان دەكرد".

باسی لەوەشكردووە"لەسەر داوای وەزیری بازرگانی عیراق لیستی سەرجەم بڕی ئەو پارەیەی كە ماوە ڕەوانەكراوە كە بڕەكەی 188 ملیار دینارە، بەنوسراوی فەرمی لەڕێگەی كۆمپانیای گشتیی بازرگانی خۆراكی عیراقەوە ڕەوانەی وەزارەتی بازرگانیمان كردوە".

بەڕێوەبەری لقی سلێمانی كۆمپانیای دابەشكردنی دانەوێڵە ئاشكراشیكرد، داواكردنی نوسراوی ئەمجارە جیاوازە، چونكە خودی وەزیر خۆی داوایكردوە پێدەچێت بەرزی بكاتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران و چاوەڕوانی وەڵامین بۆ ئەوەی چی دەبێت.



AM:10:44:29/10/2017