نزیكەی 500 كەس لەهەولێر رەوانەی نەخۆشخانە كران

بەوتەی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێربەهۆی خۆڵبارینەوە لەماوەی 12 كاژێر 485 كەس سەردانی نەخۆشخانەكانی سنووری پارێزگای هەولێریان كردووە و زۆرینەی سەردانكارەكانیش منداڵن.

د. سامان بەرزنجی، بە رووداوی راگەیاندوە "لە كاژێر 8:00ـی ئێوارەی رۆژی شەممە 28-10-2017 تاوەكو كاژێر 8:00ـی بەیانی رۆژی یەكشەمە 29-10-2017، بەهۆی خۆڵبارینەوە 485 كەس سەردانی نەخۆشخانەكانی سنووری پارێزگای هەولێریان كردووە".

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر گوتی "332 نەخۆشیان دوای وەرگرتنی چارەسەر راستەوخۆ نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە، بەڵام 153یان بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەكان بۆ ماوەیەك ماونەتەوە".

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، ئەوەشی خستەڕوو زۆرینەی ئەوانەی بەهۆی خۆڵبارینەوە سەردانی نەخۆشخانەیان كردووە، گرفتی تەندروستیان بۆ دروست بووە، منداڵان بوون ‌و دەشڵێت"بەهۆی بەردەوامی خوڵبارین و هاتنە دەرەوەی خەڵكی بۆ سەر كارەكانیان چاوەڕێ‌ دەكرێت ژمارەی سەردانكارەكان بۆ نەخۆشخانە زۆر زیاد بكات".

ئێوارەی رۆژی شەممە خۆڵبارینێك بەچڕی سنووری پارێزگای هەولێری گرتووەتەوە، بەپێی پێشبینیەكانی كەشناسیش خۆڵبارینەكە تاوەكو ئێوارەی رۆژی یەكشەممە 29-10-2017 بەردەوام دەبێت.



PM:12:52:29/10/2017