كونسوڵی پێشووی فەڕەنسا: بارزانیمان بەهەڵەدا برد

كۆنسوڵی پێشووی فەڕەنسا لە شاری هەولێر پێیوایە سەردەمی سیاسیی بارزانی و تاڵەبانی كۆتایی پێهاتووە، بەڵام دەبێت گەل لەو بارەیەوە بڕیار بدات، دەشڵێت "ئێمە بارزانیمان بۆ پرسی ڕیفراندۆم بە هەڵەدا بردووە".

فریدریك تیسۆ، كۆنسوڵی پێشووی فەڕەنسا لە هەولێر كە یەكێك لە ڕاوێژكارەكانی بارزانی بوو بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی خەبەر تورك ڕایگەیاند، بارزانی لە كاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا پرسی بە ئەمریكا نەكردووە و ئەوەش هەڵەیەكی گەورە بوو.

فریدریك تیسۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەكات لە دەستدانی كەركوك بۆ كوردان تراژیدیایەكی مێژوییە و ئەستەمە جارێكیتر كەركوك بكەوێتەوە ژێر دەسەڵاتی كورد.

دەشڵێت "دەست لەكاركێشانەوەی بارزانی كارێكی باشە، چونكە سەردەمی كاری سیاسیی بارزانی و تاڵەبانی كۆتایی پێهاتووە، بەڵام دەبێت گەل لەو بارەیەوە بڕیار بدات".

فریدریك تیسۆ یەكێكە لە دیپلۆماتكارە فەڕەنسییەكان و بە دۆستی گەلی كوردیش دەناسرێت و لە ساڵی ٢٠٠٨ تاوەكو ٢٠١٢ كۆنسوڵی فەڕەنسا بووە لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان.

تیسۆ لە ڕیفراندۆمی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧دا یەكێك لە ڕاوێژكارە بیانییەكانی بارزانی بوو و لە چەندین وێنەدا لەگەڵ بارزانی و بەرپرسانی باڵای پارتی دەبینرێت.



PM:01:56:30/10/2017