"14 پەرلەمانتاری كورد سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەردەچێت"

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە و یەكێك لە بڕگەكانی كۆبوونەوەكە سزادانی ئەو پەرلەمانتارە كوردانەیە كە دەنگیان بە ڕیفراندۆم داوە.

موسەنا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی بۆ ماڵپەڕی (خەڵك) ئاماژەی بەوەش كرد، فراكسیۆنی یەكگرتوو بەشداری كۆبوونەوەكە دەكات، بەڵام خۆی بەشداری كۆبوونەوەكە ناكات، چونكە بەشداریكردنی ئەوان كێشەی لەسەرە و پێی وایە ئەوە سزایەكی سیاسییە بەرامبەر ئەوان دەكرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، كاتێك لە پەرلەمانەوە دەنگ لەسەر سزاكانی ئەوان درا، ڕەوانەی دادگا دەكرێت و لە حاڵەتی سزادانی ئەوان بەپێی ماددەی 156 لە یاسای سزادانی عێراقی دەبێت و سزاكەش لە سێدارەدانە.

وتیشی "تا ئێستا هیچ فراكسیۆن و پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغداد پشتگیری و پشتیوانی بۆ ئێمە دەرنەبڕیووە، ئومێد دەكەین فراكسیۆنە كوردییەكان بەیاننامەی هاوبەشیان هەبێت و پشتگیری ئێمە بكەن، چونكە سزادانی هەر پەرلەمانتارێكی كورد واتە سزادانی هەموو كورد".

ڕاشیگەیاند، ئەو بە هیچ شێوەیەك پەشیمان نییە لەوەی دەنگی بەڕیفراندۆم داوە، پەرلەمانتاریش هەبووە هاتوەتە هەرێم دەنگی بە ڕیفراندۆم داوە و ئێستا لە بەغداد سەری كزكردووە و دەڵێ منی تێدا نیم



PM:02:32:30/10/2017