لەوەزارەتی خوێندنی باڵاوە بۆ دەرچوانی 12ی ئامادەیی

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئاشكرایدەكات زیاتر لە (١٣٠٠) خوێندكار سەرباری ئەوەی نمرەیان بەرزە، بەهۆی ئەوەی لیستی داواكاری بەشەكانیان كەم بووە لە هیچ شوێنێك وەرنەگیراون ‌و وتیشی "لە چەند رۆژی داهاتوودا بەپێی نمرەكانیان و پلانی زانكۆكان بەسەر بەشەكانی زانكۆلاین دابەشیان دەكەینەوە"

ئەمڕۆ دووشەممە 30ی تشرینی یەكەم لە راگەیاندراوێكدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڵاویكردووەتەوە، لە كۆبوونەوەیەكی فراوانی وەزارەتەكەیان، باس لە كێشەو گرفتەكانی وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆو پەیمانگاكان‌ و دەستنیشانكردنی ڕێگەچارەكان كراوە و بڕیاردراوە ئەو (1300) قوتابیەی سەرباری ئەوەی نمرەی بەرزیان هەیە و ناویان لە هیچ بەشێك نەهاتۆتەوە، لە چەند رۆژی داهاتوودا، بەپێی نمرەكانیان و پلانی زانكۆكان دوای ئەوەی خوێندكاران سكاڵا تۆماردەكەن بەسەر بەشەكانی (زانكۆلاین) دابەشیان بكەن.

وەزارەتی خوێندنی باڵا، ڕاشیگەیاندووە "ئەمساڵ لە (٣٨٢) بەشی زانستی دەرچوانی پۆلی دوانزە بەسیستمی وەرگرتنی (ڕاستەوخۆی زانكۆیی) داوای وەرگرتنیان پێشكەشكرد و، لە (١٥٨) بەشی زانستی دیكەش وەرگرتن بە ڕێگەی (زانكۆلاین) بووە و لەتێكرای نمرەی (٨٠) كەمتر وەرنەگیراوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ژمارەی داواكاریی زۆر بووەو بەشەكانیش كەمبووە، جگە لەوەش زیاتر (١٣٠٠) خوێندكار سەرباری ئەوەی نمرەیان لە نێوان (٨٠ بۆ ٩٧)ە بەهۆی ئەوەی لیستی داواكاریی بەشەكانیان كەمبووە لە هیچ شوێن وەرنەگیراون".

بەگوێرەی راگەیاندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا، بڕیاردراوە هەر ئەمڕۆ لیستی ناوی وەرگیراوان بە ڕێگەی (زانكۆلاین) و سیستمی ڕاستەوخۆ ڕەوانەی سەرجەم زانكۆكان بكرێت، لەگەڵ (كەمترین كۆنمرەی وەرگیراو بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٧-٢٠١٨) لە زانكۆ و پەیمانگە حكومیەكان) بەڕێگەی (زانكۆلاین)، بۆ ئەوەی خوێندكاران دەست بەمامەڵەی وەرگرتن بكەن.

وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئاشكراشیكردووە، سەبارەت بەسكاڵا بڕیاردرا، لەسەر وێبسایتی (زانكۆلاین) تۆماركردنی سكاڵا كارا بكرێت، بۆیە خوێندكاران دەتوانن تا سەعات (١٢)ی شەوی هەینی ڕێكەوتی 3ی تشرینی دووەم بەشێوەی (ئۆنلاین) سكاڵا تۆمار بكەن و تا رۆژی سێ شەممەی داهاتوو 7ی تشرینی دووەم خوێندكاران دەتوانن سكاڵا لە تۆماری كۆلێژەكان تۆمار بكەن.

لە راگەیانداروەكەدا ئاماژە بەوەش دراوە كە" بۆ كێشەی ئەو خوێندكارانەی كە نمرەكانیان لە نێوان (٦٠ بۆ ٨٠)یە و لە هیچ شوێنێك ناویان نەهاتۆتەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا بەپێی ڕێنماییە پەسندكراوەكان خولێكی نوێی سیستمی وەرگرتنی ڕاستەوخۆ بۆ ئەو خوێندكارانە بكاتەوە بەتایبەت لەو بەشانەی كە كورسی خوێندنیان بە بەتاڵی ماوەتەوە، بۆ ئەوەش 5 تاوەكو 9ی تشرینی دووەم بۆ پێشكەشكردن دیاریكراوەو 12ی تشرینی دووەم بۆ ڕۆژی تاقیكردنەوە لەو بەشانە دیاریكرا، لەهەمان كاتدا زانكۆكان ناوی سەرجەم ئەو بەشانە بڵاودەكەنەوە كە خوێندكاران دەتوانن داواكاری تێدا پێشكەش بكەن.



PM:03:15:30/10/2017