بەرهەم ساڵح وەڵامی مالیكی دەداتەوە

بەرهەم ساڵح لەبارەی بەقاچاغ بردنی نەوت، وەڵامی مالیكی دەداتەوە و دەڵێت "نووری مالیكی باسی وتووێژێكی ساڵی 2006 دەكات، كە لە دیدارێكدا وتوومە بەرپرسانی سەر بە پارتی و یەكێتیش نەوتیان بە قاچاخ بردووە".


نووسینگەی رۆژنامەوانی بەرهەم ساڵح، سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و ڕایدەگەیەنێت "نووری مالیكی، جێگری سەرۆك كۆماری عێراق لە چاوپێكەوتنی تەلەفزیۆنی كەناڵی دیجلە، باس لە وتوێژێكی ساڵی 2006 دەكات لەگەڵ دكتۆر بەرهەم، كە سەبارەت بەقاچاخبردنی نەوت لە كێڵگەی نەفتخانە لە خوارووی خانەقین بووە".

لە روونكردنەوەكەدا هاتووە "ئەو دیدارەی بەرهەم ساڵح و نووری مالیكی بۆ زیاتر لە 10 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەداخەوە هەندێك میدیای جێی گومانیش دەیانەوێت وا نیشانی بدەن، كە مێژووی ئەو گفتوگۆیە هاوكاتی مێژووی دوای ڕاپرسی و لەدەستدانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانە، وەك ئەوەی بیانەوێت پەردەپۆشی شكستە گەورە و نوێكانیان بە لێڵكردنی راستیەكانی ئەو دیدارە كۆنەوە، بكەن".

وەكو نووسینگەی رۆژنامەوانیی بەرهەم ساڵح ئاشكرای دەكات "دكتۆر بەرهەم وتوویەتی ئەو بەقاچاخبردنە تەنها كاری یەك لایەن نییە، وەكو مالیكی جەختی دەكردەوە، كە ئەو كارە تەنها پارتی بێت، ئەم كاری بەقاچاخبردنی نەوتە، لایەنی سەر بە پارتی و سەر بە یەكیتیشی تێدا بەشدارە، هەر بۆیەش دوای ئەو گفتوگۆیە نووری مالیكی و دكتۆر بەرهەم، راستەوخۆ سەردانی جەنابی مام جەلال دەكەن بۆ رێگریكردن لەو بەقاچاخبردنە، كە بەپێی زانیاری و وێنەی مانگە دەستكردەكان، كاروانی تانكەرەكان دەگەیشتنە ئەفغانستان و ناوەڕاستی ئاسیا".

نووسینگەی رۆژنامەوانیی بەرهەم ساڵح دووپاتی دەكاتەوە "بەهیچ جۆرێك باسی جوڵانی هێز نەكراوە و، هەوڵدراوە لە رێگەی جەنابی مام جەلالەوە رێگری لەو كارە بكرێ، بۆیە بە گرنگی دەزانین دووپاتی بكەینەوە ئەوكاتە و ئێستاش لای دكتۆر بەرهەم تاڵانی نەوت و گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی وڵات، كاری تاك لایەن نەبووە و نییە، بەڵكو كاری هاوبەشی تۆڕێكی مشەخۆرە، كە یاری بە موقەدەراتی گەل دەكەن، بەرژەوەندییەكانیان لەسەر كۆمپانیای هاوبەش و برابەشی و تاڵانی وڵات بنیاتنراوە، كە سنوورەكانی حیزب، ناوچە، مەزهەب و نەتەوەشی تێپەڕاندووە و، ئەم نیشتمانەیان بەم رۆژگارە ناخۆشە گەیاندووە".

ڕوونكردنەوەی نووسینگەی رۆژنامەوانیی بەرهەم ساڵح لە وەڵامی وتەكانی نوری مالیكی، جێگری سەرۆك كۆماری عێراقدایە كە رایگەیاندووە "بەرهەم ساڵح، سیاسەتوانی دیاری كورد و ئەندامی پێشووی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پێیڕاگەیاندم، پارتەكەی خۆی (یەكێتی) لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەرژەوەندی خۆیان نەوت دەدزن، نەك بۆ بەرژەوەندی گەلی كوردستان".

مالیكی هەروەها دەڵێ "لەڕێگەی مانگی دەستكردەوە وێنەی نەفتخانەمان وەرگرت، دەركەوت چەندین تانكەری نەوت لەدوای یەكدی وەستاون و لە بیرەكاندا نەوت دەدزن، نەوتەكە بەرەو ئێران و ئەفغانستان دەگوازرایەوە، بەدوای بەڕێز بەرهەم ساڵحم نارد، كە جێگری سەرۆك وەزیران بوو، پێموت: ئەوە چییە بەرهەم؟ ئەو دزینی نەوتە چییە؟ پارتی دیموكراتی كوردستان نەوت دەدزێت، وتی لە راستیدا تەنها پارتی دیموكراتی كوردستان نییە، تەنانەت یەكێتی نیشتیمانیش دەیدزێت". 



PM:02:59:31/10/2017