دادگای فیدڕالی لەبارەی ڕیفراندۆمەوە بڕیار دەدات

دادگای فیدراڵی عێراق ڕەتیکردەو لەئێستادا بڕیار لەسەر ڕیفراندۆمی هەرێم بدەن و ڕاگەیاند تا گوێ لە بەرپرسانی هەرێم نەگرن بڕیار لەسەر ڕیفراندۆم نادەن.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ناتوانێت بڕیار لەسەر دەستوری یان نادەستوری ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بدات بۆ سەربەخۆیی، هەتا گوێ لە بەرپرسانی هەرێم نەگرێت.

ئیاس ساموک، وتەبێژی فەرمی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئەو داوایانە کە لە دادگای باڵای فیدراڵی بە ژمارەکانی ٨٩ و ٩١ و٩٢ و ٩٣ /٢٠١٧ تۆمارکراون داوای حوکمی دادگا دەکەن بە نادەستوری ڕیفراندۆمەکەی ڕۆژی ٢٥ی ئەیلولی ڕابردوو".

یەکێک لە داواکان ئاراسته‌كردنی‌ نامه‌یه‌كە له‌لایه‌ن حه‌یده‌ر عه‌بادیه‌وه‌ بۆ دادگای‌ باڵای‌ فیدراڵی‌ عیراق له‌باره‌ی‌ ڕیفراندۆمه‌وه‌.

وتەبێژی دادگای فیدراڵی وتی "دادگای باڵای فیدراڵی ئاگاداری داوە کە یەکلاکردنەوەی داواکە وەستاوە لەسەر ئاگادارکردنەوەی لایەنی بەرامبەر لە داواکەدا، کە پێڕاگەیاندنی لە ڕێگەی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستانەوە لە ئەنجومەنی وەزیران ئاراستە کردووەن دوا جەختکردنەوەش لە ڕۆژی ١٨ی تشیرینی یەکەمدا بووە".



PM:01:45:02/11/2017