لەبارەی بودجە و موچەوە هۆشداری دەدرێت
"هێزی پێشمەرگە و ئاسایش بێ مووچە دەمێننەوە"

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق ڕایدەگەیەنێت "دوای دەرهێنانی سیادی و حاكمە وە بە پێ ی ئینفاقی فعلی دەوڵەتی عێراقی لە نێوان ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ ملیار دینار دەبێت مانگانە.


مەسعود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق لەهەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوك لەبارەی ناردنی بودجە لەلایەن بەغدادەوە بۆ هەرێمی كوردستان دەڵێت "لە رەشنووسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨ پشكی هەرێم كراوە بە ١٢،٦٧% كە بۆ فراكسیۆنە كوردیەكان جێگای قبوڵ كردن نییەو هەڵوێستی سیاسیمان لەسەر یاساكە دەبێت لە ناو پەرلەمان".

هاوکات نوسیویشیەتی "٤٨٤ هەزار فەرمانبەرو پۆلیس لەگەڵ ١٥٩هەزار كەس لە بیمەی كۆمەڵایەتی و ٩٦ هەزار كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و ٢٤٤ هەزار خانەنشینكراو (پارەكە بەشی هەموو خانەنشینكراوان ناكات و ٣٠ ملیاری كەم دەبێت). هێزی پێشمەرگەو ئاسایش بێ مووچە دەمێنن و لەو حاڵەتە پێویستە حكومەتی عێراق میكانیزمێكی تایبەت دابنێت بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی مووچەی ئەم هێزانە".

دەقی نوسینەكەی مەسعود حەیدەر

بەغداد چەند پارە ئەنێرێت بۆ هەرێمی كوردستان؟

لە رەشنووسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨ پشكی هەرێم كراوە بە ١٢،٦٧% كە بۆ فراكسیۆنە كوردیەكان جێگای قبوڵ كردن نییەو هەڵوێستی سیاسیمان لەسەر یاساكە دەبێت لە ناو پەرلەمان، هەر لەم رەشنووسە بودجەی سیادی بە رێژەیەكی بەرچاو زیادی كردوە بەراورد بە ساڵانی پێشوو، ٤٠% بودجەی عێراق تەرخان كراوە بۆ سیادی كە دەبێتە هۆی كەمبوبەوەی پشكی هەرێم، لە ساڵانی ٢٠١٢ لە ٢٥% زیاتر نەبوو.

پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق دوای دەرهێنانی سیادی و حاكمە وە بە پێ ی ئینفاقی فعلی دەوڵەتی عێراقی لە نێوان ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ ملیار دینار دەبێت مانگانە.

بە پێ ی داتاكانی هەرێم كە بە ئێمە دراوە ئەم پارەیە لە باشترین حەڵەتدا بەشی مووچەی ئەم چین و توێژانە دەكات.

٤٨٤ هەزار فەرمانبەرو پۆلیس لەگەڵ ١٥٩هەزار كەس لە بیمەی كۆمەڵایەتی و ٩٦ هەزار كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و ٢٤٤ هەزار خانەنشینكراو (پارەكە بەشی هەموو خانەنشینكراوان ناكات و ٣٠ ملیاری كەم دەبێت). هێزی پێشمەرگەو ئاسایش بێ مووچە دەمێنن و لەو حاڵەتە پێویستە حكومەتی عێراق میكانیزمێكی تایبەت دابنێت بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی مووچەی ئەم هێزانە كە ئەمن و ئاسایش بەرقەرار دەكەن لە كوردستان كە بەشێكە لە دەوڵەتی فیدراڵی.

ئەوەی گرنگە ئالیەتێكی گونجاو دیاری بكرێت بۆ پێدانی مووچەو بێ كەمكردن و لە كاتی خۆیدا. بۆ ئەم مەبەستەش لە یاساكەدا هاتوە دیوانی چاودێری دارایی پێداچوونەوە دەكات بە ھەموو بەیاناتی مالی و ئیداری هەرێمی كوردستان.

لە بەرانبەر پێدانی پشكی هەرێم دەبێت حكومەتی هەرێم هەموو داهاتە نەوتی و باج و گومرگ و هەر داهاتێكی دیكە رادەستی عێراق بكاتەوە. بە پێ ی ئەم زانیاریانە هەرێمی كوردستان كورتهێنانی دەبێت لە بودجەی تەشغیلی بۆ بەرێوەبردنی دام و دەزگاكان و ھەروەھا كورتهێنان لە بودجەی وەبەرهێنان (استثمار).

مسعود حەیدەر
ئەندامی لیژنەی دارایی
پەرلەمانی عێراق



PM:03:59:02/11/2017