وەزاەتی پێشمەرگە: ئاگاداری جموجۆڵی ھێزە عیراقییەکانین

به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن و رۆشنبیری وەزارەتی پێشمەرگەی رایگه‌یاند، سەرەڕای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌رگای گفتوگۆی كراوه‌یه‌، هاوكات ھێزی پێشمەرگە ئاگاداری جموجۆڵی ھێزە عیراقییەکانە و لە ئامادەباشی تەواودایە بۆ بەرپەچدانەوەی ھەر ھێرشێک.


عەمید ھەڵگورد حیکمەت، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن و رۆشنبیری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی راگه‌یاندووه‌ "وەک وەزارەتی پێشمەرگە ئاگاداری ھەموو جموجۆڵێکی حەشدی شەعبی و ھێزە عیراقییەکانین و، ھێزی پێشمەرگە لە ئامادەباشیی تەواودایە، بۆ وەڵامدانەوەی ھەر ھێرشێکی بکرێتە سەر خاکی کوردستان''.

وتیشی ''حکومەتی عیراق دەیەوێت بەھێز ھەوڵی سڕینەوەی کورد لە ھەرێمی کوردستان بدات، چونکە ھەندێک پێشنیازی نادەستووری دەکات بۆ ئەوەی رێککەوتن نەکرێت، بەڵام حکومەتی ھەرێم داوای ئاشتی دەکات و ھێزی پێشمەرگەش ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ بەرگریکردن لە خاکی کوردستان''.

هه‌ڵگورد حیکمەت جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی، ''حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ ئەوەدان کێشەکان لە رێگەی دیالۆگ و رێککەوتنی سیاسییه‌وه‌ چارە بکرێن، ھەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نین شەڕ دروست بێت و خوێن بڕژێت، دەرگای گفتوگۆ کراوەیە و دایناخەین''.

لە ماوەی رابردوودا چەندین کۆبوونەوە لەسەر ئاستی باڵا لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عیراق كراون، بەڵام دواجار نەگەیشتوونەته‌ ئەوەی ھیچ رێککەوتنێک لە نێوان ھەردوولادا بکرێت.

هاوکات دوێنێ فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عیراق رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان له‌ رێككه‌وتن پاشگه‌زبوه‌ته‌وه‌ و هێزه‌كانی جووڵە پێكردووه‌ و سه‌نگه‌ری نوێی لێداوه‌.

دوابەدوای ڕاگەیەندراوی فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عیراق وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، راگه‌یه‌ندراوه‌كی بڵاوکردەوە و  ره‌تیکردەو هیچ رێككه‌وتنێك له‌ نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عیراق کرابێت.



PM:04:49:02/11/2017