"چوار سکاڵا لەسەر بارزانی تۆمارکراوە"

په‌رله‌مانتارێكی‌ كورد له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق ئاشکرایدەکات كه‌ به‌هۆی ڕیفراندۆمه‌وه‌ بەغدا چوار سكاڵای له‌سه‌ر بارزانی‌ و هه‌رێمی كوردستان تۆماركردووە.


زانا رۆستایی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق بە به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ڕاگەیاندووە "به‌هۆی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمه‌وه‌ چوار سكاڵا له‌سه‌ر كاك مه‌سعود بارزانی و هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غداد تۆماركراوه‌".

زانا رۆستایی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ "ئه‌گه‌رچی كاك مه‌سعود بارزانی له‌پۆسته‌كه‌یدا نه‌ماوه‌ به‌ڵام سكاڵاكان به‌ناو له‌سه‌ر ئه‌و تۆماركراون و هه‌ر له‌سه‌ری ده‌مێنێت یا ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم خۆی نوێنه‌ری یاسایی بنێرێته‌ به‌رده‌م دادگا".

لەبارەی وەڵامی دادگای عێراقیشەوە جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌و سكاڵایه‌ پوچه‌ڵ نه‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ ته‌نها روونكردنه‌وه‌ی دادگا بوو وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ حكومه‌تی عیراقی كه‌ تا لایه‌نی هه‌رێم وه‌ڵامی دادگا نه‌داته‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر ده‌ستوری بوون یا ناده‌ستوری بوونی ریفراندۆم ناده‌ن".


وتیشی: "به‌ته‌نها ئه‌و سكاڵایه‌ نییه‌، به‌ڵكو به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه‌ تا ئێستا چوار سكاڵا له‌سه‌ر كاك مه‌سعود بارزانی و هه‌رێمی كوردستان تۆماركراوه‌ كه‌ دووانیان هی حكومه‌تی عیراقییه‌ و و ئه‌وانی تر هی په‌رله‌مانتارن له‌ رێگای داواكاری گشتیه‌وه‌ سكاڵایان تۆماركردوه‌".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی عیراق راشیگه‌یاند كه‌ "ئه‌گه‌رچی كاك مه‌سعود بارزانی له‌پۆسته‌كه‌یدا نه‌ماوه‌ به‌ڵام سكاڵاكان له‌سه‌ر ئه‌و تۆماركراون و هه‌ر له‌سه‌ری ده‌مێنێت یا ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم یا جه‌نابی كاك مه‌سعود بریكاری یاسایی بنێرێته‌ به‌رده‌م دادگا".

سه‌باره‌ت به‌ بێ لایه‌نی دادگای فیدراڵی له‌ كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد، زانا ڕۆستایی ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "له‌ دوو ساڵی رابردوودا دادگای فیدراڵی هه‌وڵی داوه‌ یاساییانه‌ و پڕۆفیشناڵانه‌ و دور له‌ كاریگه‌ری یاسایی كاری خۆیان بكه‌ن".

دوێنێ دادگای باڵای فیدراڵی عیراقی له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا وه‌ڵامی حكومه‌تی عیراقی دایه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ده‌ستوری بوون یاخود ناده‌ستوری بوونی ریفراندۆم له‌هه‌رێمی كوردستان و رایگه‌یاند "تا هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی دادگا نه‌داته‌وه‌ بۆچوونی خۆیان له‌وباره‌یه‌وه‌ ناڵێن".



AM:10:55:03/11/2017