کاتی سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا ئاشکرا کرا

پەرلەمانتارێکی كورد لە پەرلەمانی عێراق کاتی سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا ئاشكرا دەكات. 

بەختیار شاوەیس پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند" سێ شەممەی داهاتوو شاندێكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكەن و لەبارەی گیروگرفتەكانی نێوانیان گفتوگۆ دەكەن".

شاوەیس لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای دەکات وەفدەکە بۆ چارەسەری كێشەكانی بەغدا – هەولێر سەردانی بەغدا دەكەن و لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی سەبارەت بە چارەسەری كێشەكان بە تایبەتی پرسی بەشی بوودجەی هەرێمی كوردستان لە بوودجەی ساڵی (2018) ی حكومەتی ناوەندی گفتوگۆ دەكەن.

ناوبراو دەشڵێت " ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەشی بوودجەی هەرێمی كوردستانی لە بوودجەی گشتی ساڵی (2018) لە (%17) ەوە (%12.7) دابەزاندووە، وتیشی: دیداری شاندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا بۆ وتووێژ سەبارەت بە ئەم پرسە پێوستە".
بەرامبەر ئەم لێدوانەی شاوەیس، بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێم هیچی لەمبارەیەوە ئاشکرا نەکردووەو هیچ خۆئامادەکردنێکیش بۆ ئەو سەردانە بەدیناکرێت.



PM:04:00:03/11/2017