غالب محەمەد بە كەفالەت ئازادكرا

سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتەیەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبەردەم دادگا  ئامادەبوو و بە كەفالەت ئازاد كرا.

د. غالب محەمەد سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتەیەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كەلەلایەن بەڕێوەبەری گومرگی سلێمانی سكاڵایی یاسا لەسەر تۆمار كرا بوو بەتۆمەتی تەشهیر بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەچووبوو بەمادەی (433) كەپەیوەندی بە (42 ) تەنكەر بەنزینی هاوردەكراوەوە هەیە بەیانی ئەمڕۆ چوەتە بنكەی پۆلیسی ئازادی و لەوێ وتەی لێ وەرگیراوە.

پاش ئەوەش چووەتە بنكەی پۆلیسی سەیوان و لەوێش لەلایەن دادوەرەوە وتەی لێ وەرگیراوە، پاشان بە كەفالەت ئازادكراوە، بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە كە بڕی كەفالەتەكە چەندە و چ كاتێك بۆ دادگاییكردنەكەی دیاری كراوە لە داهاتوودا.

هاوكات بۆ پاڵپشتی د.غالب محەمەد بەیانی ئەمڕۆ پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجومەن و چالاكوانان و ڕۆژنامەنووسان و هاوڵاتیان لە سلێمانی لەبەردەم پۆلیسی ئازادی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هەروەها دواتر د.غالب گواستراوەتەوە بۆ بنكەی پۆلیسی سەیوان لەوێ خۆپیشاندان ئەنجامدرا.

هەروەها لە گەرمیانیش خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەڕٍێوەچوو لەبەردەم دادگای بەرای كەلار و خۆپیشاندەران داوایان كرد "ئەوانەی 51% خاكی كوردستانیان فرۆشت و نەوت سەروەتی ئەم وڵاتیەیان دزی دادگای بكرێن نەك پارێزەرانی خەڵكی ڕەش و ڕووت".

"سپی" بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی كرد بە غالب محەمەد، بەڵام پەیوەندیەكە بەردەست نەبوو.




PM:01:43:05/11/2017