زرێپۆشێک منداڵێکی کوردی کرد بەژێرەوە و کوشتی

زرێپۆشکى هێزەکانى پۆلیسی تورکیا لە باکوورى کوردستان منداڵێکى تەمەن ٥ ساڵى کوردى بە ناوی بوراک ئیلهان کرد بە ژێرەوە و کوشتی.


ئاژانسى هەواڵى میزۆپۆتامیا لە باکوورى کوردستان بڵاویکردەوە، ئۆتۆمبێلێکى زرێپۆشى هێزەکانى پۆلیسى تورکیا لە گەڕەکی کۆرکێ لە شارى باتمان لە باکوورى کوردستان منداڵێکى تەمەن ٥ ساڵى کرد بە ژێرەوە و منداڵەکە دەستبەجێ گیانى لە دەستدا.

ئەو منداڵە تەمەن ٥ ساڵە ناوی بوراک ئیلهان بووە و زرێپۆشەکەش ژمارەیەک پۆلیس و ئەفسەرى پۆلیسی تێدابووە، بەڵام تا ئێستا ناسنامەکانیان ئاشکرا نەکراون و لە دواى ڕووداوەکەش دەستکراوە بە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو ڕووداوە.

پێشتریش ڕۆژی ٢٢ى تشرینى یەکەمی ٢٠١٧ لە گەڕەکى چالێ لە شارى سێرتى باکوورى کوردستان  منداڵێکى تەمەن ٧ ساڵى بە ناوى فەلەک باتورا لەلایەن زرێپۆشێکى هێزەکانى پۆلیسى تورکیاوە کرا بەژێرەوە و بەو هۆیەوە گیانى لە دەستدا.

هاوکات دوێنێ لەسەر ڕێگاى فەرماندەیى هێزەکانى سوپاى تورکیا لە ئەلیح ئۆتۆمبێلێکى ترى زرێپۆشى سوپاى تورکیا خۆى کێشابوو بە ئۆتۆمبێلى تەکسیى هاووڵاتییەکدا و ٢ هاووڵاتیى بریندارکردبوو و هەروەها بەهۆى وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکەوە ٣ سەربازى ناو زرێپۆشەکە بریندار بوو بوون.



PM:08:19:06/11/2017