پارتی: هێرشی حەشدی شەعبی بەهۆی خیانەتی چەند كەسێكی ناو حزبێكی كوردستانی بوو

ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیەندراوێکى لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆوە بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت "هێرشی حەشدی شەعبی بۆ کەرکوک بەهۆی خیانەتی چەند كەسێكی ناو حزبێكی كوردستانی بوو"


لەو راگەیەندراوەى ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە هاتووە "هێرشی حەشدی شەعبی و سوپا بۆ كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە شەوی 15/16ی ئۆكتۆبەری 2017، بەهۆی خیانەت و دەستكێشی و رێككەوتنی ژێربەژێری چەند كەسێك لەناو حزبێكی كوردستانی، هەروەكو لە بەیانەكانی بەرپرسانی ئەو حزبە بەراشكاوی ئاماژەیان پێ كردوە".

دەشڵێت، ئەو پیلان و هێرشانە، لەوە ناچێت لەرەنگدانەوەی ریفراندۆمی خەڵكی كوردستان بووبن، بەڵكو بە بەرنامەیەكی پێشوەختەی ئامادەكراو دەچێت كە لەگەڵ كۆتاییهاتنی ئازادكردنی حەویجە دەستی پێكرد.

سەبارەت بە دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاندووە، "كۆبوونەوە هەڵسەنگاندنێكی واقعبینانەی بۆ بارودۆخی ئەم قۆناغەی كوردستان كرد و بەهەستیاری لە قەڵەم دا, بەپێویستیشی زانی تەواوی لایەنە سیاسی و نەتەوەییەكانی كوردستان لە ئاستی ئەم قۆناغە هەستیارەدابن و، كێشەو گرفتەكان بەلاوە بنێن و پێكەوە بەهەست بە مەسئوولیەتی نەتەوایەتی و نیشتمانی هەوڵی چارەسەركردنی گرفتەكان بدەین و، بە هەموولایەك نەهێڵین گرفت و كێشەكانی سەرشانی خەڵكی كوردستان بەهەموو پێكهاتەكانەوە قورستربێت".

هەر لە ڕاگەەندراوەکەدا هاتووە "بەتەبایی و یەك هەڵوێستیی  پاڵپشتی حكومەتی هەرێم بكەین وەكو لایەنی شەرعی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عێراقی فیدراڵ، هاوكات پشتیوانی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بین بۆ چارەسەری كێشە ئابووری و سیاسییەكانی ناوخۆی كوردستان".

هەروەها ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی هێرشی کردووەتە سەر حکومەتی عێراق و رایگەیاندووە، هەوڵ و گوتارەكانی بەشێكی زۆر لە دەسەڵاتبەدەستانی بەغدا دوورە لە پابەندبوون بەدەستوری عێراق كە ئیدعای جێبەجێكردنی دەكەن, هەروەكو چۆن لە رابردوو چەندین مادەی دەستوریی پێشێل كرابوون، ئەمجارەش چەندین مادەی دیكەیان پێشێلكردووە.



PM:07:06:07/11/2017