كەشناسی عیراق پێشبینییەكانی بۆ چەند ڕۆژی داهاتوو ڕایدەگەیەنێت و بەگوێرەی ئەو ڕاگەیەنراوەی بڵاویکردۆتەوە شەپۆلێكی باران و هەورە بروسكە هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.
دەستەی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاویکردۆتەوە "سبەینێ چوار شەممە ئاسمانی عیراق نیمچە هەور دەبێت و دواتر دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و لە بەشەكانی ڕۆژئاوای وڵاتیش باران دەبارێت".
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ناوچەكانی باكوری وڵات (هەرێمی كوردستان) ئاسمان هەور دەبێت و پێشبینی بارانێكی بەخوڕ و هەورە بروسكە دەكرێت بە تایبەتی لە ناوچە شاخاوییەكان لەدوای نیوەڕۆوە.
ڕاشیگەیاندووە، كە خێرایی با زیاد كات و لە دوای نیوەڕۆی ڕۆژی چوار شەممەوە دەبێت 30-40 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا و پلەكانی گەرماش نزمدەبنەوە.
سەبارەت بە باشوری عیراق-یش ڕایگەیاندووە، ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی هەندێك پەڵەهەور و خێرایی باش لە 10 -20 كیلۆمەتر دەبێت لە كاتژمێرێكدا.
كەشناسی عیراق ئاماژەی بەوەشكردووە، كە ڕۆژی پێنج شەممە لە ناوەڕاستی عیراق ئاسمان هەور دەبێت و ئەگەری باران بارین هەیە و لە هەندێك ناوچەكانی ڕۆژئاوا هەورە بروسكەش دەبێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت لەگەڵ بوونی هەورە بروسكە لە ڕۆژدا.