ئەنجامی سکاڵای (زانکۆلاین) ٢٢٦٠ خوێندکاری دیکە ناویان گەڕایەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەنجامی سکاڵای (زانکۆلاین) ڕادەگەیەنێت، کە بەهۆیەوە (٢٢٦٠) خوێندکاری دیکە بەپێی کەمترین کۆنمرەی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران.

عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند دوای ئەوەی دەرگای پێشکەشکردنی سکاڵا بۆ ئەو دەرچوانەی پۆلی دوانزەی ئامادەیی کرایەوە، کە لەڕێگەی زانکۆلاین داواکارییان پێشکەش کردبو، دوای هەڵسەنگاندنی سکاڵاکانیان دەرکەوت ناویان لە هیچ زانکۆ و پەیمانگایەک نەگەڕابوەوە، بۆیە دوای پێداچونەوەی سەرجەم سکاڵاکان لە ئاکامدا (٢٢٦٠) خوێندکاری دیکە بەپێی کەمترین کۆنمرەی وەرگرتنی ساڵی خوێندنی (٢٠١٧-٢٠١٨) لەزانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاشیگەیاند ئەو خوێندكارانە دەتوانن لە ئەمڕۆ پێنج شەممە، ڕێكەوتی (٩/١١/٢٠١٧) لە سەعات (7)ی شەو بەدواوە لە ڕێگەی وێبسایتی ئەلیكترۆنی (www.regayzanko.com) بەبەكارهێنانی هەمان ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) كە پێشتر فۆرمی (زانكۆلاین)یان پێ‌ پڕكردبوەوە، دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە كە لە ئەنجامی سکاڵای (زانکۆلاین) لێیی وەرگیراون، هەروەک داوای لە خوێندکاران کرد لە زوترین کاتدا پەیوەندی بەو بەش و كۆلێژانەوە بكەن کە ناوەکانیان لێ هاتۆتەوە بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكانیان و دەستکردن بە پرۆسەی خوێندن.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجامی وەرگرتن بە سیستمی خوێندنی پارالێل لەزانکۆ و پەیمانگەکان ڕادەگەیەنێت.

بۆ ئەوەش عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی ئەوانەی داواکارییان بۆ وەرگرتن بەشێوەی سیستمی پارالێل لە زانکۆ و پەیمانگەکان پێشکەش کردبو، لە ئەمڕۆ پێنج شەممە، ڕێكەوتی (٩/١١/٢٠١٧) لە سەعات (٨)ی شەو بەدواوە بەهەمان شێوە لە ڕێگەی وێبسایتی ئەلیكترۆنی (www.regayzanko.com) بەبەكارهێنانی هەمان ناوی بەکارهێنەرو وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد)، دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە كە بەسیستمی (پارالێل) لێیی وەرگیراون.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاشیگەیاند، کە پێویستە وەرگیراوانی سیستمی خوێندنی پارالێل لەماوەی یەک هەفتەدا پەیوەندی بە کۆلێژ و پەیمانگەکان بکەن کە لێیی وەرگیراون، بەپێچەوانەوە شوێنەکانیان بەخوێندکار و قوتابیانی یەدەگ پڕدەکرێتەوە.

http://www.mhe-krg.org/ku/node/3629 



PM:06:15:09/11/2017