تورکیا بەرزاییەکانی ناوچەی شارباژێڕ بۆردومان دەکات

بە وتەی قائیمقامی قەزای ماوەت  سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە جارێكی دیكە فڕۆكەكانی توركیا بۆردومانی چیای ئاسۆسیان كردوە.

كامەران حەسەن، قائیمقامی قەزای ماوەت لە سنووری ناوچەی شارباژێڕ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بە سایتی (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە ماوەی 10 ڕۆژدا ئەمە دووهەم جارە بۆردومانی شاخی ئاسۆس دەكرێت، بۆردومانەكەی ئەمجارە بەهێزتر بووە و نزیكەی 45 خولەك فڕۆكە لە ئاسمانی ناوچەكە ماونەتەوە.

وتیشی "بۆردومانەكە لە سنووری گوندی گەڵاڵە بووە، بەڵام دانیشتوانی ناوچەكە هیچ زیانێكیان بەرنەكەوتووە، بەڵام تا ئێستا زیانەكانی شاخی ئاسۆس دیار نییە".

شاخی ئاسۆس هەڵكەوتوو لە ناوچەی شارباژێڕ ناوچەی شینكایەتی لە سنووری قەزای ماوەت لە سنوری پارێزگای سلێمانییەو لەگەڵ ناوچەكانی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی كوردستان هاوسنوورە و هێزەكانی گەریلای پەكەكە و پژاكی لێیە.



AM:11:27:12/11/2017