ئاسایش دەست بەسەر دوو ملیۆن حەبی ترامادۆڵدا دەگیرێت

بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند "چوار كەسمان دەستگیركرد كە دوو ملیۆن حەبی ترامادۆڵیان پێ بووە و خستویانەتە ناو كارتۆنی جگەرەوە".

ئەمڕۆ یەكشەممە عەمید جەلال ئەمین بەگ وتیشی، بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی سلێمانی لە كۆنفرانسێكی هەواڵیدا ئاشكرایكرد "ئەو كەسانەی كە دەستگیركراون، خەڵكی دەرەوەی شار بوون و خاوەنی حەبەكان پێشینەی هەبووە لەماددەی هۆشبەردا".

بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی سلێمانی ئەوەشی وت، ئەو كەسانەی كە ڕاهاتوون لەسەر بەكارهێنان یان بازرگانی پێوەكردن پێویستە لە زینداندا جیا بكرێنەوە، لەكەیسەكانی تر، بۆ ئەوەی خەڵكی تر فێر نەكرێن.

لەبارەی ئەو وڵاتانەی كە مادەی هۆشبەری لێوە دەهێنن، عەمید جەلال ئەمین بەگ بەبێ ئەوەی ناوی هیچ وڵاتێك بهێنێت، وتی "لەوڵاتانی دەوروپشتەوە دەهێنرێنە هەریم و لێرە ناچێنرێت".

بەگوێرەی ئامارەكانی بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی سلێمانی لە ساڵی پارەوە تائێستا٣١٠ كەس دەستگیركرابوون، لەوانە ١٠ كەسیان ئافرەت بوون، بەڵام ئەمساڵ هەتا ئێستا ١٩٢ كەس دەستگیركراوون، چواریان ئافرەتن.



PM:02:46:12/11/2017