ئەم پەیمانگا کوردیە خرایە لسیتی رەشەوە

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایدەگەیەنێت " پەیمانگەی بەناو (کوردمارت) لەشاری هەولێر باوەڕپێکراو نیە و، داوای داخستنی نوسینگەی پەیمانگەکەمان لەلایەنی پەیوەندار کردوە".

عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند " کەسانێک بەناوی پەیمانگەی (کوردمارت) ڕیکلام بۆ وەرگرتنی خوێندکاران/ قوتابیانی دەرچوانی پۆلی دوانزە بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٧-٢٠١٨) دەکەن، لێرەوە بەسەرجەم خوێندکاران و دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی ڕادەگەیەنین، کە ئەم پەیمانگەیە باوەڕپێکراو نیە و لەپڕۆسەی دڵنیای جۆری و متمانەبەخشینی وەزارەتەکەماندا ڕەتکراوەتەوە، بۆیە هیچ مۆڵەتێکی یاسایی نیە".

 وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داوا لە  دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی دەکەن خۆیان بەدور بگرن لە تۆمارکردنی ناویان لەم پەیمانگەیەداو، پارە و ماوەی خۆیان بەهەدەر نەدەن.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستی ڕاشیگەیاند بەنوسراوی ڕەسمی ژمارە (١٦٥٣٥) لە ڕێکەوتی (١٩/١١/٢٠١٧) وەزارەتەکەمان داوای لە پارێزگای هەولێر کردووە نوسینگەی پەیمانگەکە کە تۆماری خوێندکاران/قوتابیانی تێدا دەکرێت دابخرێت و، ڕێککاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر، چونکە ئەو جۆرە کار و ڕەفتارانە دەچێتە خانەی فێڵکردن لە خەڵک، هاوکات وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی داهاتو لە دادگا ڕێشوێنی یاسایی بەرامبەر بەخاوەندارییەتی پەیمانگە دەگرێتەبەر و سکاڵایان لە دژ تۆمار دەکات.




PM:07:12:19/11/2017