هێزە عێراقیەکان هەوڵی دەستگیرکردنی کچە پێشکەشکارێکی کورد دەدەن

بەبیانوی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، هێزە عێراقیەکان هەوڵی دەستگیرکردنی کچە پێشکەشکارێکی تەلەفزیۆنی کەرکوک دەدەن.


نێرگز قادر پێشكەشكار لە تەلەفیزیۆنی كەركوك بە سایتی خەڵکی وتووە كە ئەو بۆ ئەوە ئەو كارەی كردووە بۆ ئەوەی ورەی هاوڵاتیانی شارەكەی بەرز بكاتەوە، چونكە لە دەستوردا رێگەپێدراوە هاوڵاتییەكی كورد ئاڵاكەی بەرز بكاتەوە.


نێرگز وتی"هەر هەمان شەو ئەفسەرێكی هێزەكانی دژەتیرۆری عیراق هەوڵیدابوو لە رێگەی چەند كەسێكەوە من سەردانی بنكەی هێزەكانیان بكەم، بەڵام نەچووم، بۆ ڕۆژی دواتر جوابی بۆناردبووین كە ئەگەر نەچم و خۆم بەدەستەوە نەدەم بەهێز تەلەفیزیۆنی كەركوك دادەخەن".


ئەو پێشكەشكارە ئاماژەی بەوەشكرد، كە لەڕێگەی هەندێك كەسەوە توانیویانە ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن، بەڵام ئەو ئەفسەرە سورە لەسەر ئەوەی سكاڵای یاسایی لەسەر نێرگز تۆمار بكات.


رۆژی 21\11\2017، نێرگز قادر پێشكەشكار لە تەلەفیزیۆنی كەركوك بە ئاڵای كوردستانەوە بەرنامەی پێشكەش كرد بەڵام هەرزوو ئەفسەرێكی هێزەكانی دژەتیرۆری عیراق هەوڵی دەستگیركردنی داو لە ئێستاشدا دەیانەوێت سكاڵای یاسایی لەسەر تۆمار بكەن.




PM:01:01:25/11/2017