ئاڵا تاڵەبانی داوایەك ئاڕاستەی عەبادی دەكات

ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، داوا لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات، لێكۆڵینەوە لە هەواڵە "هەڵبەستراوەكانی" پارێزگاری بە وەكالەت بكات و دەڵێت "هانی خەڵكی شارەكە دەدات بۆ كوشتارو نانەوەی دووبەرەكی و پشێوی".

ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، لە بەیانامەیەكدا رایگەیاندوە "كەركوكیەكان توشی شۆك بوون كە بیستیان راكان جبوری پارێزگاری دانراوی كەركوك دەزگاكانی راگەیاندن ونوێنەرانی كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ و دەزگای شەهیدان و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای بۆ رۆژهەڵاتی كەركوك بردووە بە پاساوی بوونی گۆری بە كۆمەڵ لە نزیك پرۆژەی شاری پیشەسازی نوێی كەركوك، گوایە گۆری بە كۆمەڵی لێیە و روفاتی عەرەبی غەدر لێكراوی لێیە و لەلایەن ئاسایشەوە پاكتاوی جەستەیی كراون".

 ئەوەشی خستۆتەروو"كە دەگەنە شوێنەكە بە بەڵگە و شایەتحاڵی نوێنەرانی شارەوانی و دادوەری پزیشیكی و وەقفی سونی بۆیان دەركەوت كە ئەو گۆرە بەكۆمەڵە لەلای ئەنجومەنی پارێزگا و شارەوانی تۆماركراوە و رێكەوتنی فەرمی بۆ كراوە، تەرمی تیرۆریستانی نەقشبەندی و قاعیدە و داعشی لێیە كە هیچ ناسنامەیەكیان نەبووە".
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە ئەوانە لە شەڕەكانی ساڵی 2003 وە تا جێبەجێكردنی پلانی سەپاندنی یاسا لەسەر دەستی سوپا و پۆلیس و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی كوژراون و هەندێكشیان پارچە گۆشتی ئەو خۆكوژانەن كە خۆیان لە شارەكەدا تەقاندۆتەوە.
 
ئاڵا تاڵەبانی داوای لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش كردووە دەستبەجێ كار بۆ راگرتن و سنورداركردنی كارەكانی پارێزگاری ناوبراو بكات، چونكە بە وتەی ئەو "هانی خەڵكی شارەكە دەدات بۆ كوشتارو نانەوەی دووبەرەكی و پشێوی دەخاتە نێوان كورد و توركمانی شیعەی گەڕەكی تسعینی شەهیدان، تەئكیدیشی كردەوە دەبێت سەرۆك وەزیران دەبێت لێكۆڵینەوە سەبارەت بەو هەڵسوكەوتە بكات و پرسیار لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان بكات بە تایبەت لە دەسەڵاتی چوارەم كە بە بیستنی ئەم هەواڵە لەناكاوە تووششی شۆك بوون پارێزگای ناوبراو لێپێچینەوەی لەگەڵ بكرێت لەگەڵ ئەو لایەنانەی هانیان داوە درۆو دەلەسەیەكی لەو شێوەیە بخوڵقێنن تاكە ئامانجیان نانەوەی پشێوییە لە شارەكە.
 
ئاڵا تاڵەبانی وتیشی دۆخی كەركوك زۆر هەستیارو سامناكە و دەكرێت بە هێمنی و مەندی و دادی هاوبەش و راستەقینە مامەڵەی لەگەڵ هەموو پێكهاتەكانی بكرێت، نەك بە پڕوپاگەندە كێشەكان قووڵتر بكەنەوەو قەیرانی گەورە دروستبكرێت و بەرەو رێگەیەكی داخراومان ئاراستە بكات.
 
تاڵەبانی وتیشی: هەندێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی كەركوك بۆچی هاوشانی پارێزگای ناوبراو هەنگاوی لەوجۆرە دەنێن ئەگەر مەبەستیان خوڵقاندنی پشێوی و تێكدانی شارەكە نەبێت، تەئكیشی كردەوە ئێمەی ئەندامانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئامانجمان دەستەبەركردنی سەقامگیرییەو هەر لە یەكەم رۆژی سەپاندنی یاساوە كارمان بۆ ئەو مەبەستە كردووە.
 
ئاڵا وتی: ئەوانەی دەیانەوێت گۆڕی بە كۆمەڵ بدۆزنەوە بابچنە ئەو ناوچانەی دوای داگیركردنیانەوە لە لایەن داعشەوە لەسەر دەستی قارەمانان ئازاد كراونەتەوە، چونكە لەوێ تەرمی بە دەیان و سەدان مرۆڤی بەناهەق كوژراو هەن كە باجی بانگەشەی قەیراناوی و بارگاوی بە ناكۆكییەكان لە حەویجەو ناوچەكانی دەوروبەریان داوە.



PM:02:01:26/11/2017