وتەبێژی حکومەت لەسەر "هەڵهاتنی" وەزیرەکان هاتنە دەنگ

حکومەتی ھەرێم لەسەر ھەڵاتنی دوو وزیر ھاتە دەنگ و زانیاری لەبارەی ھۆکاری چوونەدەرەوەیان بۆ دەرەوەی وڵات ئاشکرا دەکات.


سەفین دزەیی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لەلێدوانێكیدا بۆ ماڵپەری غەد پرێس، رایگەیاندووە "ئەو هەواڵانەی ماوەی چەند رۆژێكە باس لەهەڵاتنی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان و سینان چەلەبی وەزیری دادی حكومەتی هەرێم بۆ دەرەوەی وڵات دەكەن، بەتەواوی دوورە لەڕاستییەوەو هیچ بنەمایەكی راستی نییە".

وتەبێژی حكومەت هۆكاری چوونە دەرەوەی ئاشتی هەورامی بۆ دەرەوەی وڵات ئاشكراكردووەو دەڵێت "وەزیری سامانە سروشتییەكان، سەرقاڵە بە هەندێك كۆبوونەوەی تایبەت بەكارەكەی لە ئەوروپا".

ئاماژەی بەوەشكردووە، بەهۆی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان، كە سەپێنراوە بەسەر فڕۆكەخانەكانی هەرێم، ناتوانێت لەئێستادا بگەڕێتەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە دوای تەواوبوونی كارەكەی لەئەوروپا دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان".

سەفین دزەیی لەبارەی دەنگۆی هەڵاتنی سینان چەلەبی وەزیری دادی هەرێم بۆ دەرەوەی وڵات، وتی: ناوبراو راینەكردووە، بەڵكو بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی، لە وڵاتی توركیایەو لەوێش نەشتەگەری بۆكراوە، لەدوای باشبوونی تەندروستیشی، دەگەڕێتەوە بۆ هەرێم و لەكارەكەشی بەردەوام دەبێت.



PM:04:28:26/11/2017