بارزانی: گەلی کوردستان نەشکاوە، بەڵکو خیانەتی لێکراوە

بارزانی لەدوا لێدوانیدا جەخت لەخیانەتی باڵێکی یەکێتی دەکاتەوەو دەڵێت" گەلی کوردستان نەشکاوە بەڵکو خیانەتی لێکراوە".

ئەمڕۆ یەکشەممە 26تشرینی دووەم لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی لە کۆبوونەوەیەکی حیزبیدا لە پیرمام وتی " ھۆکاری ئەو بارودۆخە ڕیفراندۆم نییە، بەڵکو زۆر لەمێژەیە کە بەغدا نییەتی پەلاماردانی کوردستانی ھەبووە، ڕیفراندۆم ئەنجامیش نەکرابا، پیلان لەدژی کەرکووک ھەر لە ئارادا بوو".

بارزانی لە درێژەی وتەکەیدا وتی " ڕیفراندۆمی بە بڕیارێکی ڕاست و دروستی گەلی کوردستان زانی کە دەبوایە زووتر ئەنجام درابا و بە پیرۆزترین و ڕەواترین دەستکەوتی نیشتمانی و نەتەوەیی گەلی کوردستانی لەقەڵەم دا".

لە درێژەی قسەکانیدا وتیدا "ڕیفراندۆم دەنگی ڕەوا و ئاشتییانەی گەلە و بە ھیچ یاسا و حکوومەتێک ئەو دەنگە ئاشتییانەیە ھەڵناوەشێتەوە، ئەوەی کە کۆسپی بۆ ئەو دەستکەوتە مەزنە دروست کردووە خیانەتی تاقمێک بوو کە پشتیان لەگەلی کوردستان کرد و کەرکووکیان فرۆشت و ڕادەستیان کرد و ئەگەر خیانەتەکەی 16ـی ئۆکتۆبەر نەبا ئێستا گەلی کوردستان لە دۆخێکی تر دا بوو".



PM:07:17:26/11/2017