بەغدا پارەی قەرەبووی زیانلێكەوتوانی بومەلەرزەكە دەنێرێت

بەوتەی وەزیری كۆچ‌و كۆچبەرانی عێراق، حكومەتی بەغدا بڕی نزیكەی 3 ملیار دیناری بۆ قەرەبووی زیانەكانی بوومەلەزەكەی رابردوو لەپارێزگاكانی سلێمانی‌و هەڵەبجە‌و گەرمیان تەرخانكردوە.

ئەمرۆ سێشەممە دەرباز محەمەد لە راگەیەنراوێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد: "لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە نوسراو کراوە بۆ وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی بەپەلە بڕی دوو ملیار و نۆسەد و سێ ملیۆن دینار بۆ چاککردنەوەی زیانەکانی بومەرلەرزەکە تەرخان بکرێت".

لە بەشێکی راگەیانراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە بڕی ٦٠٠ ملیۆن دیناری بۆ چاککردنی کەرتی کارەبا تەرخان کراوە لەو ناوچانە، لەگەڵ ٦٠٠ ملیۆن دیناریش بۆ خوێندنی باڵا کە زیانیان پێگەیشتووە.

هەروەها بڕی ٦٥٠ ملیۆن دیناری بۆ کەرتی پەروەردە و ئەو قوتابخانانەی زیانیان پێگەیشتووە لەگەڵ بڕی ٧٠٠ ملیۆن دیناریشی بۆ کەرتی تەندروستی تەرخانکراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە بڕیاردراوە ١٠٠ ملیۆن دینار بۆ قەرەبووی ئەو هاووڵاتیانە تەرخان بکرێت کە بەهۆی بومەلەرزەکەوە زیان بەر مەڕ و ماڵاتەکانیان کەوتووە.



PM:07:58:28/11/2017