بەنداوی دەربەندیخان مەترسی ڕووخانی لەسەرە

وەزیری‌ كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی‌ ئاوی‌ هەرێم ڕایگەیاند بەنداوی دەربەندیخان ڕۆچوە و جوڵاوە و زیانی‌ گەورەشی‌ بەركەوتوە، دەشڵێت "ئەمساڵ بڕیارمانداوە ئاو خەزن ناكەین".

عەبدولستار مەجید، وەزیری‌ كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی‌ ئاوی‌ هەرێم لەكۆنگرەیەكی‌ ڕۆژنامەوانیدا چەند زانیاریەكی‌ مەترسیداری‌ سەبارەت بەبەنداوی‌ دەربەندیخان ئاشكراكردو ڕایگەیاند "بەهۆی‌ بومەلەرزەكەی‌ 12ی‌ ئەم مانگەوە، بەنداوەكە زیانی‌ گەورەی‌ بەركەوتوە".

ئاشكراشیكرد، دوای‌ لێكۆڵینەوەكان لەلایەن تیمی‌ عیراق و هەرێم و بیانیشەوە، دەركەوت 48 سانتیمەتر بەنداوی‌ دەربەندیخان ڕۆچوە و 10 تاوەكو 20 سانتیمەتریش جوڵاوە بەرەو لای‌ ئاوەكە.

سەبارەت بەمەترسیەكانی‌ ڕوخانی‌ بەنداوەكەش وتی‌ "ئەگەر بڕوخێت زیانێكی‌ ئێجگار زۆر دەخاتەوە، بەدڵنیاییەوە جگە لەناوچەكانی‌ حەمرین لەهەرێم، پارێزگاكانی‌ ناوەڕاست و خواروی‌ عیراقیش زیانی گەورەیان پێدەگات".



PM:03:04:29/11/2017