"پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق زیاتر لە 6 تریلیۆن دینارە"

بودجه‌ی ساڵی 2018ی عێراق گه‌یشته‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و پشكی هه‌رێم تێیدا زیاتر له‌ 6 ترلیۆن دیناره‌.


ئارام شێخ محه‌مه‌د، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به"‌KNN"ی راگه‌یاندووە به‌ پێی پرۆژه‌ بودجه‌كه‌ كه‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌ن كراوه‌، پشكی هه‌رێم تێیدا له‌سه‌ر بنه‌مای دانیشتوانی هه‌رێم دیاریكراوه‌ و كۆی ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخانكراوه‌ 6 تریلیۆن و 637 ملیار و 469 ملیۆن و 37 هه‌زار و 469 دیناره‌ و له‌ ره‌شنوسه‌كه‌دا پشكی هه‌ر پارێزگایه‌كی هه‌رێم به‌و شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ جیاكراوه‌ته‌وه‌:

پارێزگای هه‌ولێر: 2 تریلیۆن و 413 ملیار و 596 ملیۆن و 789 هه‌زار دینار
پارێزگای سلێمانی:  2 تریلیۆن و 618 ملیار و 765 ملیۆن و 672 هه‌زار دینار  
پارێزگای دهۆك:  یه‌ك تریلیۆن و 605 ملیار و 107 ملیۆن و 263 هه‌زار دینار

به‌پێی ره‌شنوسی بودجه‌كه‌ هیچ بره‌ پاره‌یه‌ك به‌ناوی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ دیاری نه‌كراوه‌، ئارام شێخ محه‌مه‌د وتیشی: به‌شێك له‌ بودجه‌ی هێزه‌ وشكانیه‌كانی عێراق به‌پێی ژماره‌ی دانیشتوان بۆ پێشمه‌رگه‌ ته‌رخان ده‌كرێت، گرنگرترین ئه‌و بڕگانه‌ی بودجه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌.

ماده‌ی‌ 9 بڕگه‌ی یه‌ك
به‌شه‌ بودجه‌ی‌ پارێزگاكانی‌ هه‌رێم له‌سه‌ر بنه‌مای‌ تێچوونی‌ گشتی‌ دیاری‌ ده‌كرێت، به‌پێی ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك و  له‌ لایه‌ن وه‌زارتی‌ داراییه‌وه‌ ده‌درێت، به‌ره‌زامه‌ندی‌ به‌سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران، ئه‌وه‌ش دوای ده‌ركردنی خه‌رجی سیادی.

بڕگه‌ی دوو ماده‌ی دوو
ماده‌ی 10 بڕگه‌ی یه‌ك
حكومه‌تی‌ پارێزگاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ده‌بێت رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ریگه‌ی‌ سۆمۆوه‌ هه‌نارده‌ بكات.

ماده‌ی 10 بڕگه‌ی دوو
به‌شێك له‌ موچه‌ی‌ هێزه‌ وشكانییه‌كانی‌ سوپای‌ عێراق ده‌درێت به‌ پێشمه‌رگه‌ به‌پێی ژماره‌ی دانیشتوان، ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی سیستمی به‌رگری عێراقدا.

حكومه‌تی عێراق له‌ پرۆژه‌ یاسای بودجه‌دا 665 ملیار و 519 ملیۆن و 662 هه‌زار دیناری وه‌ك پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ خه‌رجی سیادی دیاریكردووه‌ كه‌ بۆ به‌شه‌خۆراكی مانگانه‌ و ده‌رمان و سوته‌مه‌نی و كاره‌با و گه‌نمی جوتیاران و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ناكۆكی موڵكایه‌تیه‌.

به‌پێی زانیاریه‌كان كۆی گشتی بودجه‌ی عێراق به‌ 103 تریلیۆن و 997 ملیار و 180 ملیۆن دینار خه‌مڵێندراوه‌.



PM:08:23:29/11/2017