پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق دەستنیشان کرا

رەشنوسی بودجەی فیدڕاڵی ساڵی 2018ـی عێراق جارێکی تر رەوانەی پەرلەمان کرایەوەو پشکی هەرێمی کوردستانیش تێدا زیادنەکرا و لە 12.67% وەک خۆی ماوەتەوە.


ماجیدە تەمیمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2018 ـی عێراق گەیشتووەتە پەرلەمان و بڕیارە شەممەی داهاتوو لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاساکە ئەنجامبدات.


ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی عێراق بڕی لە 3.8% مووچەی فەرمانبەران دەبڕێت و نرخی هەر بەرمیلێک نەوتیش بە 46 دۆلار خەمڵێندراوە

.

ماجیدە تەمیمی گوتیشی: "بەپێی رەشنووسەکە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2018 ـی 12.67% دەبێت". ئەوەش لەکاتێکدا پێشتر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی لە 17% بوو

.

لەماوەی رابردوودا، حکومەتی هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان ناڕەزایی زۆریان بەرامبەر کەمکردنەوەی پشکی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی عێراق دەربڕی.



AM:09:51:30/11/2017