بەغدا رێگری زیاتر لەبەردەم ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا دروستدەکات

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان چەند مەترسییەكی نوێی حكوومەتی عێراق ئاشکرا دەکات بەرانبەر  هەرێمی كوردستان پیادەی کردووە لەبواری بازرگانیدا.
 
عەبدولڕەحمان عەلی پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند "حكوومەتی عێراق چەند هەنگاوێكی نوێی گرتووەتەبەر بۆ لەباربردن و نەهێشتنی جووڵەی پیشەسازی و بازرگانی لە هەرێمی كوردستاندا ئەگەر ئەو سزادانانەی عێراق بەردەوام بێ مەترسی زیاتر دروست دەكات."
ئەو پەرلەمانتارە کە بڕیاردەری لیژنەی بازرگانی و بەكاربەر لە پەرلەمانی كوردستان لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتی "ئەو ڕێوشوێنانەی كە گیراونەتەبەر لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بریتین لەوەی دەبێت بازرگانانی هەرێمی كوردستان مۆڵەتی كاركردنیان لە وەزارەتی بازرگانی عێراق پێ‌ بدرێت بۆ كاركردن نەك لەلایەن وەزارەت و لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان."

ناوبراو کە بە ماڵپەڕی وشی راگەیاندبوو "ئەو كاڵا و شمەكانەی لە كارگەكانی هەرێمەوە بەرهەم دەهێنرێن و هەناردەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەكرێن لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە گومرگ دەكرێن وەك هەر كاڵا و شمەكێكی تر كە لە وڵاتانی ترەوە هاوردەی عێراق دەكرێت".

ئەو پەرلەمانتارەی كوردستان ئاشكرای كرد: "بەپێی ئەو ئامارانەی لە بەردەستدان ئێستە لە كۆی 3500 كارگەی بەرهەم هێنانی كاڵا و شمەكی جۆراوجۆر كە كەرتی تایبەت خاوەندارێتییان دەكات زیاتر لە دوو هەزار كارگەیان لە كاركردن وەستاون، كە بەشێكی زۆریان هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ تەنگژەی دارایی."

عەبدولڕەحمان عەلی دەڵێ‌: "ماوەی زیاتر  چل ڕۆژە دەروازەكانی پەروێزخان و حاجی ئۆمەران بە داخراوی ماوەتەوە كە كاریگەری نەرێنی كردووەتەوە سەر جووڵەی بازرگانی."

بەهۆی ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە حکومەتی عێراق بەهاوکاری کۆماری ئیسلامی ئێران چەند رێوشوێنێکی بۆ گەمارۆدانی حکومەتی هەرێم و بواری بازرگانی و ئەنجامدانی گەشتە ئاسمانییەکانی پیادە کردووەو تا ئێستا درێژەی هەیە.



PM:07:51:30/11/2017