ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لەگەڵ بەرپرسانی دەزگای میتی توركی كۆبۆتەوە

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەنقەرە لەگەڵ راوێژكاری دەزگای هەواڵگریی توركیا (میت) و یاریدەدەرێكی سەرۆك كۆماری توركیا كۆبووەتەوە و بەرپرسێكی یەكگرتوش دەڵێت "متمانە لە نێوان هەولێر و ئەنقەرە نەمابوو، بەڵام ئێستا ئەو بەستەڵەكە تواوەتەوە".

رۆژی 24ی مانگی ڕابردوو سەلاحەددین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی بە یاوەری د.عومەر محەممەد، ئەندامی مەكتەبی جێبەجێكردنی ئەو حیزبە، دوور لە چاوی میدیاكان لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە پەڕینەوە باكووری كوردستان، لەوێش لە رێگای فڕۆكەخانەی شرناخەوە گەیشتنە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا.

ماڵپەڕی ڕووداو بڵاویكردۆتەوە ئەو سەردانە تەواو نهێنی بووە، بە جۆرێك پاسەوان و تیمی پرۆتۆكۆلی توركی زۆر بە وریاییەوە پێشوازیان لە شاندەكەی یەكگرتوو كردووە و پێیانوتوون "ئێوە یەكەم شاندی كوردین لە دوای ڕیفراندۆم".

نەسرەدین سندی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە ماڵپەڕەكەی ڕاگەیاندووە "سەردانەكەی ئەمنیداری گشتی هەنگاوێكی سەرەتایی باش و گرنگ بوو، ئەو بەستەڵەكەی كە بەهۆی ریفراندۆمەوە دروستبووە، توانی بیتوێنێتەوە، چوونی شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە رێگای توركیاوە بۆ فەرەنسا هەر دوای ئەم سەردانە هات".

سەركردەیەكی یەكگرتوو كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە ووتویەتی "مامۆستا سەلاحەددین لە ماوەی رابردوودا دوو نامەی بۆ ئەردۆغان ناردووە سەبارەت بە نەگرتنەبەری رێوشوێن دژی هەرێمی كوردستان و دەستنەبردن بۆ بژارەی سەربازی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، جگە لەوە راشد غەنووشی، سەرۆكی پارتی نەهزەی تونسی كە دۆستی دێرینی هەریەك لە سەلاحەدین بەهائەدین و ئەردۆغانە، هەوڵی رەخساندنی كۆبوونەوەی لە نێوان باشووری كوردستان و توركیا داوە. هەروەها پەیوەندییە كەسییەكانی خۆی لەگەڵ ئەردۆغان بەكارهێناوە بۆ ئەوەی لەو پلانە هەرێمییەی دژی باشووری كوردستان داڕێژراوە، دەستی سووك بكات".

هاوكات سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان راگەیاندووە "رۆژی 24/11/2017 ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لەگەڵ هاكان فیدان راوێژكاری دەزگای هەواڵگریی توركیا كۆبووەتەوە، بەڵام لەنێو كۆبوونەوەكە داوای لێبوردنی كردووە و بەخێرایی چووە بۆ كۆشكی كۆماری، چونكە سەرۆكی ئەمریكا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆكی توركیا هەبوو، بەڵام رۆژێكی دیكە بۆ دووەم جار لەگەڵ ئەمینداری یەكگرتوو بە درێژی كۆبووەوە. هەروەها لەگەڵ مەهدی ئاكار، یاریدەدەری سەرۆكی ئاكپارتی بۆ كاروباری دەرەوەش كۆبووەوە".

ئەو سەرچاوەیەی یەكگرتوو سەبارەت بە كۆنەبوونەوەی سەلاحەدین بەهائەدین و ئەردۆغان وتوویەتی "ئەردۆغان لەم قۆناغەدا نایەوێ‌ هیچ سەركردەیەكی باشووری كوردستان ببینێ‌، بەڵام بینینی بەرپرسانی باڵای حكومەت و ئاكپارتی بە ئاگاداری و رێپێدانی خودی سەرۆككۆمار بووە، چونكە ئەردۆغان هاوكات سەرۆكی حیزبیشە. ئەوەی بەلای یەكگرتووەوە گرنگ بوو گەیاندنی پەیام و سیاسەتی هەرێمی كوردستان بوو بە توركیا كە لاوازبوون و نەمانی قەوارەی سیاسی و ئیداریی هەرێمی كوردستان بە پلەی یەكەم بە زیانی توركیایە".

سەلاحەددین بەهائەددین، چوار رۆژ لە توركیا مایەوە و رۆژی 28/11/2017 گەیشتەوە شاری دهۆك، لەوێ‌ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا سەبارەت بە سەردانەكەی رایگەیاند "كەسایەتییە كاربەدەست و كاریگەرەكانمان لە ئاكپارتی و حكومەت بینی، تارادەیەك سەردانێكی دڵخۆشكەر و سەركەوتوو بوو، سوپاس بۆ خوا بەرەوپێشچوون هەبوو".



AM:11:31:04/12/2017