گۆڕان دوا مۆڵەت دەداتە پارتی

بزووتنەوەی گۆڕان كۆتایی ئەمساڵ وەك دوا وادە بۆ وەڵامدانەوەی داواكەیان لەلایەن پارتیەوە دیاریدەكات و بژاردەی جوڵانی شەقامیش هەیە.

ڕۆژنامەی "ئاژانس"ی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا لەزاری سەرچاوەیەكی بەرپرسی گۆڕان كە نەیویستووە ناوی بڵاوبكرێتەوە ڕایگەیاندووە "مۆڵەتی تا كۆتایی ئەمساڵمان داوە بە پارتی و ئەگەر تا ئەو كاتە وەڵامێكی ئەرێنی پاكێجەكەمان نەداتەوە هەڵمەتێكی ڕاگەیاندن لەدژی حكومەت دەستپێدەكەین و كار لەسەر جوڵاندنی شەقام دەكەین لە دژی".

هاوكات ئەندامێكی جڤاتی نیتیمانی گۆڕان ڕایگەیاندووە ئەگەر تا سێ هەفتەی تر لەلایەن پارتیەوە وەڵام وەرنەگرینەوە گۆڕانكاری لە هەڵوێستی گۆڕاندا ڕوودەدات وتیشی "یەكێك لە سیناریۆكان ئەوەیە هەڵمەتێك دەستپێدەكەین بۆ ڕەخنەگرتن لە حكومەت و شكستەكانی و سیناریۆیەكی تریشمان دەستلەكاركێشانەوەی وەزیرەكانمان دەبێت لە حكومەتدا".

لە بەرامبەردا سەلام عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی پارتی بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە "پارتی دیراسەی وەرەقەی عەمەلی گۆڕانی كردووە و دوو بژاردە دەخرێتە بەردەمیان كە یەكەمیان ئەوەیە گۆڕان بێنەوە ناو حكومەت و هەندێك گۆڕانكاری لە حكومەتیش بكرێت، بژاردەی دووەمیش ئەوەیە هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێت و كێ زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنا حكومەت پێك بهێنێت".



AM:10:26:06/12/2017