تەرمی کچە خوێندکارێکی کورد دۆزرایەوە

تەرمی کچە خوێندکارێکی کورد لە بەشە ناوخۆییەک لە زانکۆکانی شاری ئەهوازی ئێران دۆزرایەوە.


ماڵپەڕی "هەنگاو"ی رۆژهەڵاتی كوردستان، بڵاویکردەوە ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو تەرمی کچە خوێندکارێکی کوردی زانکۆی کشتوکاڵ و سەرچاوە سروشتییەکانی ڕامینی ئەهواز دۆزرایەوە، کە بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەست دابوو.

ئەو خوێندکارە کوردە ناوی مونا دوڕانییە و تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی کرماشان بوو، لە ساڵی سێیەمی خوێندنی دکتۆرا بووە.

لەبارەی رووداوەكەوە، یەکێ لە خوێندکارانی ئەو زانکۆیە ڕایگەیاندووە کە مونا بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەست داوە و بەرپرسانی زانکۆ بەوانیان ڕاگەیاندووە کە بڵێن ناوبراو بە هۆی "جەڵتەی دڵەوە” گیانی لە دەست داوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ناوبراو بە هیچ شێوەیەک نەخۆشی دڵی نەبووە.

دوو مانگ پێش ئێستەش خوێندکارێکی دیکەی کورد بە ناوی "زەینەب” تەرمەکەی لە بەشە ناوخۆیی یەکێک لە زانکۆکانی ئیلام دۆزرابووەوە، بەرپرسانی زانکۆ ڕایانگەیاندبوو خۆی کوشتووە.

لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، ئەمە سێیەمین حاڵەتی گیان لەدەستدانی گوماناوی کچە خوێندکارانی کوردە کە لە زانکۆکانی سنە، ئیلام و ئەهواز تۆمار کراون و دوو کچیان خەڵکی ئیلام و کچێکیش خەڵکی کرماشان بووە.



PM:09:52:08/12/2017