بەغدا و تاران لەسەر نەوتی کەرکوک ڕێککەوتن

حکومەتی عێراق لەگەڵ ئێران گەیشتونەتە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر گواستنەوەی ٣٠ بۆ ٦٠ هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک لە رۆژێکدا.


جەبار عەلی لعێبی، وەزیری نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی رێککەوتنەکە، ئەو بڕە نەوتەی دیاری کراوە لەرێی تانکەرەوە لە کێڵگەکانی کەرکوکەوە هەناردەی پارێزگای کرماشان دەکرێت.

وتیشی: لایەنی ئێرانی هەمان بڕی نەوت بەهەمان مواسەفات لە بەندەرەکانی باشوورەوە رادەستی عێراق دەکات.

هەر لەو بارەیەوە عەلا یاسری بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) وتی "ئەم رێککەوتنە هاوکاردەبێت لەزیادکردنی دەرچەیەکی تری هەناردەکردنی نەوت بۆ عێراق، هەروەها خەرجیەکانی گواستنەوەی نەوتی کەرکوک بۆ بەندەرەکانی باشوور بۆ حکومەتی عێراق دەگەڕێنێتەوە".



PM:01:36:09/12/2017