وەزارەتی دارایی هەرێم رێنومایەکی نوێ دەردەکات

وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رێنماییەكی نوێ بۆ وەرگرتنی قەرزی خانووبەرە دەردەكات‌و بەپێی رێنماییەكەش هەر هاوڵاتیەك لەكاتی خۆیدا قیستەكانی نەداتەوە غەرامە دەكرێت.

بەگوێرەی رێنمایی دارایی ژمارە (25) كە رۆژی 5ی 12ی 2017 بەئیمزای (ڕابەر سدیق) بریكاری وەزارەتی دارایی هەرێم دەركراوە‌و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانكە پسپۆڕییەكان كراوە،" سزای دواكەوتنی گەڕاندنەوەی پشكە شایستەكانی پێشینەی خانووبەرە بەڕێژەی لەسەدا 10 دیاریكراوە‌و لەسەر ڕەسیدی پشكەكە وەردەگیرێت، واتە ئەگەر هاوڵاتیەك لەكاتی خۆیدا قیستەكانی پێشینەی خانووبەرە نەداتەوە‌و دوایبخات بەڕێژەی لەسەدا 10 غەرامە دەكرێت، كە بڕەكەی بۆ هەر مانگێك نزیكەی 10 هەزار‌و 500 دینارە".

حكومەتی هەرێمی كوردستان تاوەكو ساڵی 2014 پێشینەی خانووبەرەی دەدا بەهاوڵاتیان كە بڕەكەی بۆ سەنتەری شارەكان 20 ملیۆن دینار‌و بۆ گوندەكانیش 25 ملیۆن دینار بوو، هاوكات لەگەڵ دەركردنی بڕیاری پاشەكەوتكردنی مووچەی فەرمانبەراندا، بڕیاردرا وەرگرتنەوەی پێشینەی خانووبەرە‌و قەرزی بانكی نیشتەجێكردن ڕابگیرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانە بەردەوامە‌و هەر كەسێكیش لەكاتی خۆیدا قیستەكانی نەداتەوە، غەرامە دەكرێت.



AM:10:04:10/12/2017