فراكسیۆنە كوردستانیەكان: چاوەڕوانی‌ ڕاستكردنەوەی‌ پەیامەكەی‌ عەبادین

فراكسیۆنە كوردستانیەكان وەڵامی عەبادی دەدەنەوە و ڕایدەگەیەنن " چاوەڕوانی‌ ڕاستكردنەوەی‌ پەیامەكەی‌ عەبادین"

دوای‌ لێدوانەكەی‌ شەوی‌ ڕابردووی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ عیراق كە تیایدا سوپاسی‌ سەرجەم هێزەكانی عێراقی‌ بەبێ‌ ناوهێنانی‌ هێزی‌ پێشمەرگە بۆ دەركردنی‌ داعش لەخاكی‌ عیراق، كاردانەوەی‌ توندی‌ لە ناوخۆی كوردستان لێكەوتەوە.

لەوبارەیەوە فراكسیۆنە كوردستانیەكان لەبەغدا ڕاگەیەنراوێكی‌ بڵاوكردەوە كە  تیایدا هاتوە "پێشمەرگە ڕوبارێك خوێنی‌ بۆ پاراستنی‌ نیشتیمان ڕشتوە بۆیە پەراوێزخستنی‌ ڕۆڵی‌ پێشمەرگە لەلایەن حەیدەر عەبادی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ عیراقەوە سەركۆنە دەكەین".

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش ڕونكراوەتەوە، "ئێمە لەفراكسیۆنە كوردستانیەكان چاوەڕوانی‌ ڕاستكردنەوەی‌ پەیامەكەی‌ عەبادین، چونكە بەپەراوێزخستنی‌ پێشمەرگە لەلایەن عەبادیەوە توشی‌ شۆك بوین".

لەكۆتای ڕاگەیەنراوەكەشدا فراكسیۆنە كوردستانیەكان پەیامێكیان ئاراستەی‌ عەبادی‌ كردوە و ڕایانگەیاندوە، پێشمەرگە بۆشایی‌ كشانەوەی‌ سوپای‌ عیراقی‌ لەموسڵ و كەركوك پڕكردەوە.



PM:01:17:10/12/2017