بەرامبەر کورد بەریتانیاش چووە پاڵ فەرەنساو ئەمەریکاوە

هەرچەندە بەریتانیا زۆر خەمساردبوو بەرامبەر هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەمڕۆ لەلایەن سەرۆکی حکومەتەکەیەوە بە هەرێم راگەیاندرا کە داکۆکی لە مافی گەلی کورد لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا دەکات.

میدیای رووداو دەقی گفتوگۆیەکی تەلەفونی نێوان سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، تێرێزا مەی وسەرۆکی حکومەتی هەرێم کوردستانی بڵاوکردەوە کە ئەمڕۆ ئەنجامیان داوەو تیایدا هاتووە " سەرۆکوەزیران (تێرێزا مەی) راشیگەیاند، خۆشحاڵدەبێت بەمزوانە سەرۆکوەزیران (نێچیرڤان) بارزانی لە لەندەن ببینێت تاوەکو لەم پرسانە پێشکەوتنی گەورەتر بەدەستبێنن".و
ئەو هەڵوێستە نوێیەی بەریتانیا دەچێتە ریزی هەڵویستی هەریەک لە فەرەنساو ئەمەریکا دەکات کە داوای پاراستنی مافی کورد دەکەن لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا.

  
دەقی راگەیێندراوەکە لەسەر زاری گوتەبێژی داونینگ ستریت

سەرۆکوەزیران ئەم بەیانییە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان قسەی کرد

لەبارەی گشتپرسیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران (تێرێزا) مەی هەڵوێستی بەریتانیای لە رێزگرتن لە یەکپارچەیی خاکی عێراق دووپاتکردەوە، پێشوازیشی لە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان کرد لە رێزگرتن لە یاساکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و یەکپارچەیی و یەکگرتوویی خاکی عێراق. تێرێزا مەی راشیگەیاندووە، هەوڵەکانی بەریتانیا بەردەوامدەبن بۆ پارێزگاریکردن لە ناسنامە و مافەکانی کورد لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا.

لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا، هەردوولا رێککەوتن لەسەر گرنگی دیالۆگ و دانوستاندن لەسەر کۆنترۆڵی بەغدا و بەڕێوەبردنی سنوورەکان بە هاوبەشی و بەردەوامبوونی گەشتی فڕۆکەوانییەکانی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەولێر و سلێمانی.  هەردوولا هیوایان خواست بەمزووابر پێشکەوتن لەم پرسانە بەدیبێت.

سەرۆکوەزیران مەی پشتگیری بەریتانیای بۆ هەرێمی کوردستان و خەڵکی کورد لە عێراقێکی یەکگرتوو دووپاتکردەوە. داواش دەکات هەوڵی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتی سیاسی و ئابووری و ئاسایش بەردەوامبێت تاوەکو دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان لە خزمەت خەڵکی کورد بەهێزبن.

لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەردوولا لەسەر گرنگی هاوئاهەنگیکردنی یەکدی رێککەوتن تاوەکو خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا بەسەلامەتی بمێننەوە. 

سەرۆکوەزیران (تێرێزا مەی) راشیگەیاند، خۆشحاڵدەبێت بەمزوانە سەرۆکوەزیران (نێچیرڤان) بارزانی لە لەندەن ببینێت تاوەکو لەم پرسانە پێشکەوتنی گەورەتر بەدەستبێنن.



PM:03:52:12/12/2017