نێچیرڤان بارزانی ئۆتۆمبێلێکی وەنەوشەی مۆدێل 2018 دەدات بە هەڤاڵ ئەبووبەکر

 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئۆتۆمبێلێکی جۆری وەنەوشەی مۆدێل 2018 دەداتە پارێزگاری سلێمانی.

سەرچاوەیەکی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند لە ڕۆژی سوێند خواردنیدا وەک پارێزگاری سلێمانی نێچیرڤان بارزانی بڕیار دەدات ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندکرۆزەری ناسراو بە " وەنەوشە"ی مۆدێل 2018ی بەخشیوەتە هەڤاڵ ئەبووبەکر و لە رێگای وەزارەتی ناوخۆوە ئوتۆمبیلەکەی پێدراوە. 

ماڵپەڕی "سپی" بۆ بەدواداچوون و ڕوونکردنەوەی پێویست، زیاتر لە جارێک پەیوەندی کرد بە د.هەڤاڵ ئەبووبەکر، پارێزگاری سلێمانی، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک بدات، پارێزگاری نویی سلێمانی هەر ‌هێندەی بە سپی راگەیاند" ئەو تەنیا لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیەندراودا قسەی خۆی لەبارەی هەر پرسێکەوە کە رووبەرووی دەبێتەوە، دەکات".
 دوای چەندین پەیوەندیش بە لێپرسراوانی ئیداری پارێزگا و لێپرسراوی مەکتەبی پارێزگار کەس ئامادە نەبوو ڕوونکردنەوە بدات.

بەپێی زانیاریەکانی سپی، لەسەر میلاکاتی پارێزگاری سلێمانی، وەنەوشەیەکی ٢٠١٣ لەبەردەست پارێزگاری سلێمانی دایە، جگە لەم وەنەوشەیەی لەلایەن نێچیرڤان بارزانیەوە پێیدراوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی قورسی دارایی و ئابووریدا تێپەڕدەبێت و، لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە خەرجیە زیادەکان لە فەرمانگەکانی حکومەتدا راگیراون. 
 
 هەڤاڵ ئەبووبەکر، ڕۆژی 4ی ئەم مانگە ڕۆژێک بەر لە سوێند خواردنی لە بینای پارێزگار كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و لەبەردەم ڕۆژنامەنوساندا ڕایگەیاند "لە خانویەكدام كە هی باوكمە و خاوەنی دوو ئۆتۆمبیلیشم كە یەكێكیان نەوشیروان موستەفا، ڕێكخەر كۆچكردووی گۆڕان پێیبەخشیووم، ئەوی دیكەیان كە مامۆستای زانكۆبووم كڕیومە و تا ئێستا ماومە".

 هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا داواشی لە ڕۆژنامەنوسان كرد كە چاودێر و ڕەقیب بن بەسەر كارەكانیانەوە تا پێكەوە كاری باشتر بۆ سلێمانی ئەنجام بدەن.



PM:10:29:12/12/2017